پەرلەمانتارێکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) ڕەخنەی تووند لە هەڵوێستی حکومەتی تورکیا دەگرێت و ڕایدەگەیەنێت، سەرەڕای ئەوەی پەرلەمانی تورکیا پێشتر ئیرادەیەکی هاوبەشی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و دەرچوونی ڕەشنووسی کۆمیسۆنی پەرلەمان نیشانداوە، بەڵام دوای دوو ساڵ بەسەر پڕۆسەی ئاشتیدا هێشتا حکومەت هیچ هەنگاوێکی کردەیی و یاسایی بۆ جێبەجێکردنی نەناوە.
سێزگین تانریکوڵو، پەرلەمانتاری ئامەدی جەهەپە، لە گوتارێکدا لە پەرلەمانی تورکیا جەختیکردەوە کە چارەسەری پرسی کورد تەنیا پەیوەندی بە کۆتاییهاتنی شەڕ و پێکدادانەوە نییە، بەڵکو بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و قووڵ کاریگەری لەسەر دیموکراسی و داهاتووی تورکیا دروستدەکات.
ناوبراو هۆشداری دا لەوەی کە لەئێستادا سەپاندنی ڕێکار و بڕیارە یاساییەکان دژ بە حزبە سیاسییەکان و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان بووەتە خاڵی سەرەکی سیاسەتی حکومەتی ئاکەپە، و لە ئەنجامدا ڕێگرییەکانی بەردەم سیاسەتی دیموکراسی و ئازادییەکان لە وڵاتەکەدا ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ڕوو لە هەڵکشان و خراپتربوون دەکەن.