ڕاستەوخۆ

پژاک: یاسای نوێی پەرلەمانی ئێران دەرگا بۆ شەپۆلێکی توندی سەرکوتکاری دەكاتەوە

reset font size increase font size

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لە ڕاگەیەندراوێکدا کوژرانی مەهدی تەواکولی، هونەرمەند و چالاکوانی مەدەنی، هاوکات لەگەڵ دایکی مەریەم ئەسلانی و خوشکەکەی سۆمایە تەواکولی، بە توندی سەرکۆنە کرد و ڕایگەیاند کە هێرشەکە تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتی، کردارێکی تیرۆریستی و بەشێکە لە قۆناغێکی نوێی سەرکوتکاریی سیستەماتیکی کۆماری ئیسلامی.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی پژاک، ڕووداوەکە لە رۆژی دووشەممە، ٢٦ی تەمموزی ٢٠٢٦، لە کاتی گەشتکردنیان لەسەر ڕێگای بانە - مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە تەقەیان لێکراوە و کوژراون.

هەروها پارتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلەکەدا بووە لە کاتی هێرشەکەدا، بەڵام تا ئێستا چارەنووسی ئەو منداڵە نادیارە.

پەیوەندیی تاوانەکە بە یاسای نوێوە

پژاک ئەم کوشتنانەی بەستووەتەوە بەو یاسایەی کە تازە پەسەندکراوە بە ناوی یاسای "بەرەنگاربوونەوەی تاوانە نێودەوڵەتییەکان"، کە لە ڕۆژی ٢٦ی تەمموز لەلایەن پەرلەمانی ئێرانەوە دەرکراوە.

بە گوتەی پارتەکە، ئەم یاسایە دەسەڵاتی زیاتر بە هێزە ئەمنییەکان دەدات بۆ بەئامانجگرتنی چالاکوانانی مەدەنی و هاووڵاتییانی ئاسایی و مەترسیی سەرکوتکارییەکان لە سەرتاسەری وڵاتدا زیاتر دەکات.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە کوشتنی خێزانی تەواکولی هێرشێکی مەبەستدار و دیاریکراو بووە، و وەک درێژەپێدانی سیاسەتی درێژخایەنی ئێران بۆ لەناوبردنی کەسایەتییەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ناوی برد.

 پژاک جەختی کردەوە کە ئەم ڕووداوە پەیامێکی مەترسی بۆ چالاکوانان و داکۆکیکاران لە ئازادی لە سەرتاسەری کوردستان و ئێران دەنێرێت.

بانگەواز بۆ یەکڕیزی و هەڵوێستی نێودەوڵەتی

پژاک داوای لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و ئێران کرد یەکڕیز بن لە بەرامبەر ئەو شەپۆلە نوێیەی سەرکوتکاری، لەسێدارەدان و توندوتیژییە سیاسییەی کە کۆماری ئیسلامی دەستی پێکردووە.

هەروها داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد کە بێدەنگ نەبن و گوشارەکان لەسەر تاران زیاتر بکەن.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، پژاک سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی تەواکولی و خەڵکی کوردستان کرد و دووپاتی کردەوە کە لە بەرامبەر ئەوەی بە "تیرۆری دەوڵەتی" ناوی برد بێدەنگ نابێت و مافی ڕەوای بەرگری لەخۆکردن بە ئامرازێکی بنەڕەتی بۆ پاراستنی کۆمەڵگە و خەڵکی کوردستان دەزانێت.

 

Rezhna Sardar

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.