ڕاستەوخۆ

دەستپێکردنی وەرزی چنیینی هەنجیر لە سەرپێڵی زەهاو؛ پێشبینی دەکرێت زیاتر لە 100 تۆن بەرهەم بهێنرێت

reset font size increase font size

لەگەڵ هاتنی وەرزی دروێنە، کۆکردنەوەی بەرهەمی هەنجیر لە باخەکانی شاری سەرپێڵی زەهاو سەر بە پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێکرد و پێشبینی دەکرێت لەم وەرزەدا زیاتر لە ١٠٠ تۆن بەرهەم بخرێتە بازاڕەوە.

خوداداد یارکەرەمی، بەڕێوەبەری جیهادی کشتوکاڵی سەرپێڵی زەهاو، بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند، بە تێکڕا نزیکەی ٦ تۆن هەنجیر لە هەر هێکتارێکی باخەکانی ناوچەکە بەرهەم دەهێنرێت.

 ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە بەپێی خەمڵاندنەکان، لە کۆی گشتیی باخەکانی ناوچەکە لەم وەرزەدا نزیکەی ١١٤ تۆن هەنجیر کۆ دەکرێتەوە.

سەبارەت بە شێوازی ساغکردنەوەی بەرهەمەکە، بەڕێوەبەری جیهادی کشتوکاڵی سەرپێڵی زەهاو روونی کردەوە کە بەشێک لە هەنجیری ناوچەکە دەکرێتە هەنجیری وشککراوە، و جگە دابەشکردنی لە بازاڕە ناوخۆییەکانی پارێزگای کرماشاندا، ڕوانەی پارێزگاکانی دەوروبەر و تەنانەت بازاڕە گەورەکانی تارانی پایتەختیش دەکرێت.

یارکەرەمی جەخت لەوەش دەکاتەوە کە گرنگیدان بە گەشەپێدانی باخەکان، پێشخستنی پیشەسازیی تایبەت بە هەنجیر و دابینکردنی ڕێگەی گەیاندنی ئاسان بۆ بازاڕەکان، ڕۆڵێکی کاریگەر لە زیادکردنی داهاتی باخداران دەگێڕێت؛

بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵ دەدرێت سەرپێڵی زەهاو ببێتە ناوەندێکی سەرەکیی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی هەنجیر لە ناوچەکەدا.

شایەنی باسە، ژمارەی دانیشتووانی شار و گوندەکانی سەرپێڵی زەهاو نزیکەی ٨٥ هەزار کەسە و سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی بەشێکی زۆری دانیشتووانی ناوچەکە پشت بە کەرتی کشتوکاڵ و باخداری دەبەستێت.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.