ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای دەکات لە ماوەی مانگی رابردوو لانیکەم 13 بەندکراوی کورد لە ئێران لەسێدارەدراون و 75 هاوڵاتیی کوردیش دەستگیرکراون و 38 چالاکی مەدەنی و سیاسیش بە سزای زیندان و قامچی سزادراون کراون.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی هەنگاو، لە کۆی 89 حاڵەتی سێدارەدان لە سەرانسەری ئێران، 13 حاڵەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە، کە دەکاتە نزیکەی لەسەدا 15ی کۆی گشتی لەسێدارەدراوەکان.
هەروەها ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە دەستبەسەرکردنی 75 هاوڵاتیی کورد، لەوانە هەشت ژن و منداڵێک، لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوە دەکات. بەم پێیەش لەسەدا 64ی کۆی گشتیی دەستگیرکراوەکان لە ئێران لە مانگی رابردوودا هاوڵاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون.