بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی کۆڵبەرنیوز، هەڵمەتێکی دیکەی دەستبەسەرکردنی هاوڵاتییان و چالاکوانان لە شاری بۆکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستی پێ کردووە.
بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە 13ی ئابی 2026، هاوڵاتییەک بە ناوی (لوقمان قوربانی) لە شاری بۆکان لە ڕۆژهەلاتی کوردستان، بەبێ بڕیاری دادوەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
ڕۆژی هەینی 14ی ئابی 2026، گەنجێکی تەمەن 23 ساڵ بە ناوی (محەمەد حاجی زادە)، خەڵکی گوندی گاومێش گوڵی لە سنووری شارۆچکەی بۆکان، بە هەمان شێوە دەستبەسەر کراوە.
پێشتریش لە چوارچێوەی هەمان شەپۆلی دەستبەسەرکردندا لە بۆکان، چەندین چالاکوان و زیندانیی سیاسیی پێشوو دەستگیر کرابوون، کە بریتین لە ئومێد چاوباز، سدیق کەریمی (زیندانیی سیاسیی پێشوو)، هادی عەزیزی (چالاکوانی مەدەنی) و ئیسماعیل بەسار.
بە گوێرەی هەواڵەکەی ماڵپەڕی کۆڵبەرنیوز، هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگرتن، دۆخی تەندروستی و هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەم هاوڵاتییانە بە بنەماڵەکانیان نەدراوە.