لە ئاودانانی ئیلام پێنج پارچە شوێنەواری مێژوویی کە تایبەتن بە سەردەمی ئاسنین و مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی سێ هەزار و ٥٠٠ ساڵ لەمەوپێش، دۆزرانەوە و کەسێکیش لەسەر ئەو بابەتە دەستگیر کرا.
شەوی پێنجشەممە ٢٧ی ئابی ٢٠٢٦، فەرزاد شەریفی، بەڕێوەبەری گشتیی میراتی کولتووری، گەشتیاری و پیشە دەستییەکانی پارێزگای ئیلام ڕایگەیاند کە دوای بەدواداچوونی تیمەکانی پۆلیس، کەسێک لە ئاودانان دەستگیر کراوە کە پێنج پارچە شوێنەواری مێژوویی قاچاخی پێبووە.
شوێنەوارە دۆزراوەکان پاش پشکنینی وردی تیمە پەیوەندیدارەکان ڕەسەنایەتییان پشتڕاست کرایەوە، کە بریتی بوون لە دوو ئەنگوستیلە و دوو دەرزیلەی بڕۆنز لەگەڵ گۆزەیەکی گڵ.
تۆمەتباری دەستبەسەرکراو ڕادەستی دەسەڵاتی دادوەری کراوە بۆ ئەوەی ڕکاری یاسایی بەرامبەر بگرێتەبەر.
پارێزگای ئیلام خاوەنی مێژوویەکی شارستانیی ١١ هەزار ساڵەیە و لە کۆی ١٥٠٠ شوێنەواری مێژوویی، سرووشتی و گەشتیاری، تاوەکو ئێستا ٩٣٦ دانەیان لە لیستی شوێنەوارە نیشتمانییەکاندا تۆمار کراون.