دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەر کچە لاوێکی تەمەن 20 ساڵدا جێبەجێ کرد، کە دۆسیەکەی پەیوەندیدار بوو بە پرسی هاوسەرگیریی زۆرەملێوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 29ی گەلاوێژ، سزای لەسێدارەدانی دونیا محەممەدی تەمەن 20ساڵ و خەڵکی شاری ئەیوان لە پارێزگای ئیلام، لە زیندانی ناوەندیی شارەکە جێبەجێ کرا. دونیا دوو ساڵ پێش ئێستا و کاتێک تەنیا تەمەنی 18ساڵ بوو، بە تۆمەتی ژەهراویکردن و کوشتنی ئامۆزاکەی دەستبەسەر کرا و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، دۆسیەی دونیا محەممەدی ڕەهەندێکی ڕوونی کۆمەڵایەتیی هەبووە، ناوبراو لەژێر گوشارێکی زۆری کۆمەڵایەتیدا بووە تا ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو ئامۆزایەی خۆیدا پێکبهێنێت، کە دواتر ڕووداوی کوژرانی ئامۆزاکەی لێکەوتەوە.
لەسێدارەدانی ئەم کچە لاوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا شەپۆلێک لە کاردانەوە و ناڕەزایەتیی لێکەوتووەتەوە. ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان و چالاکوانان ڕەخنەی توندیان لە نەبوونی دادپەروەری، ڕەچاونەکردنی باری دەروونیی تۆمەتبار لە کاتی تاوانەکەدا و پێشێلکردنی سەرەکیتەرین پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ لە سیستەمی دادوەریی ئێراندا گرتووە.