هاوپەیمانیی پارتە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا هۆشداریی لە زیادبوونی بەرچاوی ڕێژەی لەسێدارەدان لە ئێراندا و ڕایگەیاند، ئەم سیاسەتە بەشێکە لە ستراتیژیی کۆماری ئیسلامی بۆ بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن تاوەکو ڕێگە لە سەرهەڵدانەوەی ڕاپەڕینێکی نوێی جەماوەری بگرێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەیدا، هاوپەیمانیی پارتە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژەی بە ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کردووە، کە دەری دەخەن لە سەرەتای ساڵی 2026ەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 850 زیندانی لە ئێران لەسێدارە دراون. جەختیشی کردووەتەوە، زیادبوونی لەسێدارەدانی چالاکوانانی سیاسی و ژنان، ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ تاودانی شەپۆلێکی نوێی توندوتیژیی دەوڵەتی.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، بەهۆی زیادبوونی گوشارە ناوخۆییەکان و ئاڵۆزییە هەرێمییەکان، دەسەڵاتدارانی ئێران سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ بێدەنگکردنی کۆمەڵگە بەکار دەهێنن. هاوکات جەخت کراوەتەوە، لە دوای خۆپیشاندانەکانی مانگی کانوونی دووەمەوە، دەیان خۆپیشاندەر لە دوای دادگاییکردنی نادادپەروەرانە و بێبەشکردنیان لە مافی پارێزەر و لەسەر بنەمای دانپێدانانی زۆرەملێ، لەسێدارە دراون.
هاوپەیمانیی پارتە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئاماژەی بەوەش کردووە، کوردستان یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم سەرکوتکارییە ڕێکخراوە و چالاکوانانی کورد بە تۆمەتی وەک (یاخیبوونی چەکدارانە) یان ئەندامێتی لە پارتە کوردییەکاندا سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا دەسەپێندرێت.
هاوپەیمانیی پارتە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوای لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ناوەندەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، هەنگاوی کرداری و بەپەلە بنێن بۆ ڕاگرتنی ئەم سزایانە و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە.