وەزیرانی ناوخۆی ئێران و تورکیا لە شاری ئەنقەرە کۆبوونەوە و لە کۆبوونەوەکەدا، کە پڕۆسەی ئاشتی و هەوڵە ئەمنییەکانی نێوان هەردوولا تەوەرە سەرەکییەکەی بوو، لایەنی تورکی جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە پژاک بەشێک بێت لە پڕۆسەی چەکدانان.
مستەفا موعمینی، وەزیری ناوخۆی ئێران، لەسەرووی شاندێکی یاوەری سەردانی تورکیای کرد و لەلایەن مستەفا چیفتچی، وەزیری ناوخۆی تورکیاوە پێشوازیی لێکرا. بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، لە کۆبوونەوەی نێوان هەردوو وەزیردا، پرسی پڕۆسەی ئاشتی و فراوانکردنی هەماهەنگییە ئەمنییەکان تاوتوێ کراون.
لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند، ئەوان چاودێریی پڕۆسەی چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە دەکەن و جەختی لەوەش کردەوە کە پێویستە پژاک بەشێک بێت لەو پڕۆسەیە. هەروەها ناوبراو هۆشداریی دا لەبارەی هەڵکشانی چالاکییەکانی پژاک لەناو ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران.
لای خۆیەوە، ئەسکەندەر موعمینی، وەزیری ناوخۆی ئێران، جەختیکردەوە کە ئاسایش و ئارامیی تورکیا بەلایانەوە گرنگە و پشتیوانی لە پڕۆسەی ئاشتی دەکەن. وەزیری ناوخۆی ئێران ئەوەشی خستەڕوو کە پێویستە پڕۆسەکە بگاتە چارەسەرییەکی هەمیشەیی، و لەو چوارچێوەیەشدا داوای چەکدانانی لە پژاک کرد.