هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکاتەوە کە باس لە پشتیوانیی ئیسرائیل بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن و دەڵێت، ئیسرائیل لایەنگری یەکپارچەیی ئێرانە.
ئەمیر کەریمی، هاوسەرۆکی پژاک، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی (زاگرۆس 24) ڕایگەیاند، ئەو قسەوباسانەی سەبارەت بە پشتیوانیی ئیسرائیل لە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێن، جێگەی گومانن و لەگەڵ سیاسەتە گشتییەکانی ئیسرائیلدا ناکۆکن.
بەگوێرەی ئەمیر کەریمی، ئیسرائیل لایەنگری یەکپارچەیی ئێرانە و پڕۆژەی وڵاتانی زلهێز ئەوە نییە کە ئێران لەت لەت بکرێت، بەڵکو دەیانەوێت ئێران بە یەکپارچەیی بمێنێتەوە؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە تەنانەت پشتیوانییەکانی ئیسرائیلیش لە کوڕی شای پێشووی ئێران لەو چوارچێوەیەدایە.