ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا ڕاپۆرتێکی بەرفراوانی لەسەر ڕەوشی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦ بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد، لەو ماوەیەدا ۱,٤۳۱ حاڵەتی پێشێلکاریی مافی ژیان، زەوتکردنی ئازادی و ئەشکەنجەدانی هاووڵاتییانی کورد تۆمارکراون.
پێشێلکارییەکان پارێزگاکانی سنە، کرماشان، ورمێ، ئیلام، خۆراسانی باکوور و خۆراسانی ڕەزەویی گرتووەتەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە خۆپێشاندانەکانی زستاندا ۲۳۱ گیانبەختکردووی کورد دەستنیشان کراون کە ۱۵ ژن و ۲۰ منداڵیان تێدایە، هاوکات ٦۳ کەسیش بە سەختی بریندار بوون.
کوردپا دەشڵێت، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ناسنامەی ۳۰ هاووڵاتیی کورد تۆمارکراوە کە بە نهێنی لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لەسێدارە دراون، هەروەها ٦٥٤ هاووڵاتیی کوردیش دەستبەسەر کراون و بە دەیان کەسی مەدەنی، پێشمەرگە و کۆڵبەریش بوونەتە قوربانی.
ڕێکخراوەکە جەختی کردووەتەوە کە بەهۆی پچڕانی ئینتەرنێت، سەپاندنی کەشی بەهێزی ئەمنی و داپۆشینی ڕاستییەکان لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە، ئاماری ڕاستەقینەی پێشێلکارییەکان زۆر زیاترە لەوەی تۆمارکراوە.