ڕێوار ئابدانان، گوتەبێژی پژاک لە چاوپێکەوتنێکدا لەبارەی پێشهاتەکانی ناوچەکە و ئاڵۆزییەکانی ئێران ڕایگەیاند، جیاوازیی ڕوانگەی سیاسی لەنێوان لایەنەکانی "کۆنگرەی ئازادیی ئێران" شتێکی سروشتییە.
ئاماژەی بەوەش کرد، هەندێک لە ئەندامانی کۆنگرەکە بەهۆی پاشخانی مافی مرۆڤییانەوە بە تەواوی دژی جەنگن و ئەوەش مافی خۆیانە.
ئابدانان ئاماژەی بەوە کرد، هێزە جیهانییەکانیش بە ئاشکرا دانیان بەوەدا ناوە کە ئامانجی هێرشە سەربازییەکانیان بۆ سەر ئێران جێبەجێکردنی دیموکراسی نییە؛ بەڵام گوتیشی: "پژاک کەڵک لەو دەرفەتە سیاسی و ستراتیژییانە وەردەگرێت کە لەلایەن ئەم پێشهاتانەوە دروست دەبن بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی گەلی کورد."
گوتەبێژی پژاک جەختی کردەوە کە لە کاتی هەر قەیرانێکدا، لەپێشینەی کاریان پاراستنی خەڵکی کوردستان و کەمکردنەوەی زیانەکانی جەنگە، لە هەمان کاتدا کاردەکەن بۆ بەدەستهێنانی پێگەیەکی بەهێزتری سیاسی بۆ کورد.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئاودانان ئێرانی بە بەرپرسیار زانی لە هێنانی جەنگ بۆ ناو ئێران بەهۆی سەرکوتکاریی ناوخۆیی و سیاسەتە هەرێمییەکانی؛
ئاماژەی بەوەش کرد کە هێرشە سەربازییەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر هێزەکانی پژاک، دیموکرات و کۆمەڵە، لەگەڵ لەسێدارەدان و دەستبەسەرکردنەکان، بەڵگەی بەردەوامیی جەنگی ڕژێمن دژی گەلەکەی.
ڕێوار ئاودانان ڕەتیکردەوە پژاک ببێتە هێزێکی بەوەکالەت (پرۆکسی) بۆ هەر هێزێکی هەرێمی یان جیهانی و ڕایگەیاند، هەر بڕیارێک بۆ پەیوەندی لەگەڵ لایەنە دەرەکییەکان بەندە بە بوونی گەرەنتیی ڕوون بۆ ئایندەی سیاسیی ئێران، پاراستنی مافی سەربەخۆیی بڕیار و دامەزراندنی سیستمێکی دیموکرات و خۆبەڕێوەبەر لە کوردستاندا.