بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر داوای فەرمیی سەرۆککۆماری ئێران سەردانی تاران بکات و دۆسیەی گاز لە سەرووی کارنامەی گفتوگۆکانی دەبێت.
حەیدەر عەبودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، سەردانەکەی سەرۆکوەزیران بۆ ئێران لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە باڵا و ئابوورییەکانی عێراقە و تێیدا گفتوگۆ لەسەر لێکتێگەیشتنی نوێ لە دۆسیەی گاز و وزە لەگەڵ بەرپرسانی تاران ئەنجام دەدرێت.
سەبارەت بە دەنگۆی تاوتوێکردنی دۆسیە ئەمنییەکان، گوتەبێژی حکومەتی عێراق جەختی کردەوە: "پرسی چەکداماڵینی گرووپە چەکدارەکان پرسێکی تەواو ناوخۆیی عێراقە و لە هیچ پایتەختێکی دەرەوە تاوتوێ ناکرێت."
سەردانەکەی عەلی زەیدی بۆ ئێران لە کاتێکدایە، پێشتر عەلی ئەکبەر وەلایەتی، ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای ئێران بە توندی ڕەخنەی لە سەردانەکەی زەیدی بۆ ئەمریکا گرت و بە سەردانێکی "بێهیواکەر، وێرانکەر و ناوەخت" وەسفی کردبوو.