بەرەی مقاوەمەی عێراق لە ڕاگەیێنراوێکدا هەڕەشەی توند لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و سعودیە دەکات و 8 ڕۆژ مۆڵەتیش بە حکومەتی عێراق دەدات بۆ یەکلاکردنەوەی هەڵوێستی لەبارەی بۆردوومانکردنی هێزەکانی حەشدی شەعبی.
ئەمڕۆ چوارشەممە، بەرەی مقاوەمەی عێراق ڕاگەیێنراوێکی لەبارەی دوایین پەرەسەندنە ئەمنییەکان بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، پێشتر بە تەواوەتی ڕەتیانکردووەتەوە هیچ پەیوەندییان بە هێرشکردن سەر سعودیە و دامەزراوە نەوتییەکانییەوە هەبێت، بەڵام "ئەمریکا جارێکی دیکە لەڕێگەی بەئامانجگرتنی هێزەکانی حەشدی شەعبی تاوانێکی گەورەی ئەنجامدا و دەیان کوژراو و برینداری لێکەوتەوە".
لە راگەیێنراوەکەی بەرەی مقاوەمەدا هێرشێکی توند کراوەتە سەر دەسەڵاتی سعودیە و تێیدا ڕاگەیێنراوە: "سیستمی سعودیە هیچ کاتێک جگە لە خەنجەرێکی ستەمکار و داردەستی کۆشکی سپی و دەزگا هەواڵگرییە گوماناوییەکانی زیاتر نەبووە، ئەمڕۆش جارێکی دیکە لە ئیرادەی گەلی عێراقی دایەوە".
مقاوەمە پرسیار دەكات و دەڵێت: "ئەگەر وای دابنێین سەرچاوەی هێرشی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە لە عێراقەوە بووە، ئایا ڕێگەپێدراوە کە وەڵامی هێرشێکی شکستخواردووی لەو شێوەیە، کوشتن و بریندارکردنی دەیان کەسی بێتاوان بێت؟".
بەرەی مقاوەمە ئاماژە بەو پرسە دەکات کە داوای چەککردنیان دەکرێت و دەڵێت: "لە وەڵامی ئەوانەی داوای چەککردنی مقاوەمەیان دەکرد، لەم قۆناغە یەکلاکەرەوەیەدا ئەگەر چەک و مووشەکەکانمان ڕادەستی حکومەتی عێراق بکردایە تاوەکو ئەرکی بەرگری لە سەروەری و پاراستنی خاکەکەی بگرێتە ئەستۆ، چ هەڵوێستێکی دەبوو بەرامبەر ئەم تاقیکردنەوە ڕاستەقینەیە؟".
بەگوێرەی ڕاگەیێنراوەکە، بەرەی مقاوەمە تاوەکو ڕۆژی 23ـی مانگی سەفەری کۆچی (کە دەکاتە 7ـی ئابی داهاتوو) مۆڵەت دەداتە حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی هەڵوێستی فەرمی خۆی لەم بارەیەوە ڕابگەیەنێت.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، بەرەی مقاوەمە جەخت لەوە دەکاتەوە کە لەپێناو پاراستنی ئاسایشی زیارەتکارانی ئیمام حسێن و تێکنەدانی ڕێوڕەسمی چلەی ماتەمینی، وەڵامدانەوەکانیان بۆ کاتێکی گونجاو ڕادەگرن، بەڵام جەخت دەکەنەوە: "بێگومان وەڵامی ئەمریکا و ئامرازەکانی لە سعودیە دەدەینەوە، هەر کاتێک پێویستی کرد".