ڕاستەوخۆ

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم: مافی دەستووریی هەرێم بۆ وەرگرتنی بەشی خۆی لە نەوت و بودجەی فیدڕاڵ دەپارێزین

reset font size increase font size

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی هەفتانەیدا چەندین پرسی گرنگی پەیوەندیدار بە مافە دەستوورییەکان، دۆخی ئەمنی، قەیرانی سووتەمەنی و ئامادەکارییەکان بۆ بودجەی فیدڕاڵی ٢٠٢٧ تاوتوێ کرد و چەند بڕیارێکی دەرکرد.

نیگەرانی لە هێرشە تیرۆریستییەکان و جەختکردنەوە لەسەر بێلایەنی

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران نیگەرانیی قووڵی خۆی لە بەردەوامبوونی هێرشە تیرۆریستییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەربڕی و بە توندترین شێوە سەرکۆنەی کردن. ئەنجومەنەکە دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان هەرگیز بەشێک نەبووە لە گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، بەڵکوو هەمیشە پاڵپشتی ئاشتی، گفتوگۆ و دراوسێیەتیی باش بووە.

ڕاسپاردنی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سووتەمەنی

لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، ڕەوشی سووتەمەنی و بەنزین و کارەبا خستەڕوو. ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ڕاسپارد کە هەموو هەنگاو و ڕێکارە پێویستەکان بگرێتەبەر بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕ، چاودێریکردنی کوالێتیی سووتەمەنی، ڕێگریکردن لە قۆرغکاری و دابینکردنی ئاسانکارییە یاسایی و تەکنیکییەکان بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بە نرخێکی گونجاو دەستیان بە سووتەمەنی بگات.

داواکردنی مافی دەستووری بۆ نەوتی ناوخۆ بەپێی ژمارەی دانیشتووان

ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە مافی دەستووریی هەرێمی کوردستان کردەوە بۆ وەرگرتنی بەشی خۆی لە نەوتی تەرخانکراو بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ لەسەر ئاستی عێراق، ئەوەش بە گوێرەی ژمارەی دانیشتووان و بنەماکانی یەکسانی و هاوسەنگیی جێگیرکراو لە دەستووری عێراقدا.

ئامادەکاری بۆ بودجەی فیدڕاڵی ٢٠٢٧ و دابینکردنی مووچە

حکومەتی هەرێم هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و پلاندانانی ڕاسپارد کە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرجەم وەزارەتەکان، تێڕوانینی یەکگرتووی حکومەت و خشتەی داواکارییەکانی هەرێم بۆ بودجەی فیدڕاڵ بۆ ساڵی ٢٠٢٧ ئامادە بکەن. ئامانج لەم هەنگاوە چەسپاندنی مافە دەستوورییەکان، دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمە بە شێوەیەکی یەکسان لەگەڵ ناوچەکانی تری عێراق و لابردنی بەربەستەکانی ساڵانی ڕابردوو.

کۆبوونەوەی هاوبەش لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان

بڕیار درا کە لە نزیکترین دەرفەتدا، سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ساز بکات، بە ئامادەبوونی وەزیر و لایەنە پەیوەندیدارەکان، بە مەبەستی یەکخستنی هەڵوێستەکان لە پێناو پاراستنی ماف و بەرژەوەندییە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان.

هەڵوێست لەسەر پڕۆژەیاساکانی قەرزکردن و بەشداریکردن لە هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران تاوتوێی پڕۆژەیاساکانی قەرزکردن، بەخشین و هاوکاری و پڕۆژەی ژمێرەی کۆتایی ساڵانی ٢٠١٢ تا ٢٠١٥ی کرد.

 ئەنجومەنەکە جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان مافی دەستووریی خۆیەتی بەشی شایستەی لە هەر قەرز و هاوکارییەکی نێودەوڵەتیی حکومەتی فیدڕاڵ پێبگات، بەتایبەت کە هەرێم لە گەڕاندنەوەی قەرزەکاندا بەشدار بووە، بۆیە داوا کرا تێبینی و سەرنجە یاساییەکانی هەرێم لەسەر ئەم پڕۆژەیاسایانە ئاراستەی حکومەتی فیدڕاڵ و لایەنە پەیوەندیدارەکان بکرێن.

 

Rezhna Sardar

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.