فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، ڕایگەیاند کە سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە هەوڵ بۆ ڕاگرتنی شەڕ و کردنەوەی گەرووی هورمز دەدەن، و دووپاتیشی کردەوە کە وڵاتەکەی بە تەواوی پاڵپشتی لە دۆزی فەڵەستین و مافی چارەی خۆنووسینی گەلی فەڵەستین دەکات.
وەزیری دەرەوەی عێراق لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی کە لە عەممانی پایتەختی ئوردن سەبارەت بە قودس بەڕێوە چوو، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراق (INA) ئاماژەی بەوە دا کە لە کۆبوونەوەکەدا پێشنیارنامەی عێراق سەبارەت بەو گۆڕانکارییە دیمۆگرافییانەی لە قودسدا روو دەدەن، باسی لێ کراوە.
فوئاد حوسێن جەختی لەوەش کردەوە که حکومەتی عێراق باوەڕی تەواوی بە مافی چارەی خۆنووسین بۆ گەلی فەڵەستین هەیە، بەو شێوەیەی کە گەل و سەرکردایەتیی فەڵەستین خۆیان هەڵی دەبژێرن.
هەروەها سەبارەت بە دۆخی ئەمنی و ئابووریی ناوچەکە، ئاماژەی بەوە دا که هەوڵە هاوبەشەکانی وڵاتانی ناوچەکە بۆ ڕاگرتنی پێکدادانەکان و دابینکردنی کرانەوەی گەرووی هورمز بەردەوامن.