لەگەڵ تەواوبوونی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی لە عێراق، تۆڕی ناسراو بە «موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" (کە لە چەند گرووپێکی چەکداری نزیک لە ئێران پێکهاتووە) لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی کردەوە کە ئەوان"پابەند نین بە هیچ خشتەیەکی زمانی یان ڕێککەوتنێک" کە لەلایەن حکوومەت یان لایەنە سیاسییەکانەوە باسی لێوە دەکرێت بۆ چەکدانان.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ئەوان ماوەی زیاتر لە ٤٠ ڕۆژە لە گفتوگۆدا بوون لەگەڵ حکوومەتی عێراق سەبارەت بە میکانیزمی چەکەکانیان لە بەرانبەر بەدیهێنانی سەروەریی تەواوی عێراق و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان، بەڵام سەرەڕای واژۆکردنی ڕێککەوتنێک لە نێوان لیژنەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی و موقاوەمەدا، تا ئێستا هیچ وەڵامێکیان لە حکوومەتی عێراق پێ نگەیشتووە.
گرووپە چەکدارەکان ڕایانگەیاندووە، چەکی موقاوەمە بە ئەمانەتێکی پیرۆز لە دەستی موجاهیدەکانماندا دەمێنێتەوە»، و باسیان لەوەش کردووە کە داواکاریی چەکدانان تەنها «خەونێکی لاوازەکان و کۆیلەکانی دۆلارە»، هۆشداریشیان دا کە ئەوان بە چەکەکانیان بەرگری لە خۆیان دەکەن و ڕێگە بە هیچ دەستدرێژییەک نادەن.
ئەم هەڵوێستەی گرووپە چەکدارەکان لە کاتێکدایە کە حکوومەتی عێراق پێشتر مەرجی ٣٠ی ئەیلوولی وەک وادەی کۆتایی بۆ ڕادەستکردنی چەک دیاری کردبوو، بەڵام بەهۆی ڕەتکردنەوەی بەشێک لە میلیشیاکان، ئێستا بەغدا بەرەو پرۆسەیەکی قۆناغ بە قۆناغ هەنگاو دەنێت کە تا ساڵی ٢٠٢٧ درێژ دەبێتەوە و قۆناغ بە قۆناغ چەکدانان و تێکەڵکردنی چەکدارەکان بە دەزگا فەرمییەکان لەخۆ دەگرێت.