ڕاستەوخۆ

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماری 100 ڕۆژی چالاکییەکانی ڕاگەیاند

reset font size increase font size

ئەمڕۆ سێشەممە، 22ی ئەیلولی 2026، میقداد میری، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماری 100 ڕۆژی کار و چالاکییە ئەمنییەکانی وەزارەتەکەی خستە ڕوو و ڕایگەیاند، ئاستی تاوانە مەترسیدارەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.

بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، تاوانی ڕفاندن بە ڕێژەی 44%، تاوانی کوشتن و دەستدرێژیی سێکسی بە ڕێژەی 13%، و ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە بە ڕێژەی 86% بەراورد بە پار کەمیان کردووە، هاوکات ئاستی یەکلاییکردنەوەی تاوانە تاوانکارییەکان گەیشتووەتە 71%.

لیوا میقداد میری ئاشکراشی کرد، لە سایەی ڕێکارە تووندەکاندا، دیاردەی پەلاماردانی چەکداریی ماڵان لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی بە ڕێژەی 0% لە 12 پارێزگای عێراق (لەوانە نەجەف، کەربەلا، دیالە، کەرکووک، نەینەوا، ئەنبار و زیقار) بنبڕ کراوە.

لە بواری ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان و بەرەنگاربوونەوەی تاواندا، هێزەکانی وەزارەت لە 99%ی هەوڵەکانیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی تۆڕە نێودەوڵەتییەکان سەرکەوتوو بوون و 10 ئۆپەراسیۆنی دەگمەنیان ئەنجام داوە. هەروەها 900 دۆسیەی گەندەڵی لە ئابووریی نیشتمانی یەکلایی کراونەتەوە بەبێ تۆمارکردنی هیچ حاڵەتێکی قاچاخچێتیی نەوت، لەگەڵ یەکلاییکردنەوەی 297 دۆسیەی ساختەکاریی پیشەسازی، 276 دۆسیەی خواردنی بەسەرچوو، 84 دۆسیەی ساختەکردنی دراو، 142 دۆسیەی دەرمانی بێمۆڵەت و 47 دۆسیەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ.

لە دۆسیەی تاوانی ئەلیکترۆنیدا مامەڵە لەگەڵ 1,822 تاوانی دیجیتاڵی کراوە و ناسنامەی 926 تۆمەتبار ئاشکرا کراوە. لە لایەکی دیکەوە، 5,224 سکاڵا لەلایەن ژنانەوە و 1,179 سکاڵاش لەلایەن پیاوانەوە لەسەر تووندوتیژیی هاوژینی تۆمار کراون. سەبارەت بە کۆچبەری و هاتووچۆش، 14 هەزار بیانی بەهۆی سەرپێچیکردنی مەرجەکانی مانەوە دەرکراون، ڕێگری لە هاتنەناوەوەی 30 هەزار کەسی دیکە کراوە و 304 هەزار سەرپێچیی هاتووچۆش تۆمار کراون.

لە تەوەری چاکسازیی ناوخۆییدا، نۆ ئەفسەر لەسەر گەندەڵی دەرکراون، 122 کارمەند بە بڕیاری دادگە دوورخراونەتەوە، 29 ئەفسەر و 58 کارمەندی دیکە بە یەکجاری لە خزمەت دەرکراون، و سزای دەرکردن بەسەر 3,245 کارمەنددا جێبەجێ کراوە کە لە ئەرکەکانیان هەڵاتبوون.

باشووری کوردستان
نووچە تیڤی

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.