ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئاماری نوێی تاوانەکانی بازرگانیکردنی بە مرۆڤ و چەند دۆسیەیەکی تری کۆمەڵایەتیی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، تەنها لە مانگی ڕابردوودا 167 سکاڵا لە بارەی کەیسەکانی تایبەت بە بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە تۆمار کراون.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنەکە، زۆرترین ڕێژەی ئەو سکاڵایانە لە پارێزگای بەسرە تۆمار کراون کە ژمارەیان گەیشتووەتە 73 سکاڵا.
هاوکات لە هەمان ماوەدا، 384 پێشێلکاری و سەرپێچیی پەیوەندیدار بە یاسای نیشتەجێبوونی کەسانی بیانییەوە تۆمار کراون.
لە بەشێکی تری ئامارەکاندا، ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئاماژەی بەوە داوە که لە ماوەی ناوبراودا 16 حاڵەتی خۆکوژی لە ناوچە جیاوازەکانی وڵات تۆمار کراون.