حکومەتی عێراق دەستیکردووە بە ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2027، و ڕاوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانیش دەڵێت، بەهۆی ئالنگارییە جیوستراتیژییەکانەوە، نرخی نەوت لە بودجەکەدا بە 50 بۆ 60 دۆلار دیاری دەکرێت.
مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027 یەکێکە لە ئەندازیارییە ئابوورییە هەرە ئاڵۆزەکان بەهۆی ئەو گرژی و پێشبینییە ناگومەنانەی لە ناوچەکەدا هەن، بۆیە وەک خۆپارێزیی دارایی، نرخی هەر بەرمیلێک نەوت لەنێوان 50 بۆ 60 دۆلاردا خەمڵێنراوە.
ڕاوێژکارەکەی سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەش کرد، دیاریکردنی ئەم نرخانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لەارزە و گۆڕانکارییەکانی بازاڕی نەوت و ئاستەنگەکانی ڕێڕەوی بازرگانییە، لەوانەش دۆخی هەستیاری گەرووی هورمز و کاریگەریی لەسەر هەناردەی نەوتی عێراق.
لەگەڵ ئەوەشدا، ڕوونی کردەوە کە لە ئەگەری ئارامبوونەوەی دۆخی ناوچەکە و بەرزبوونەوەی داهاتەکان لە نیوەی دووەمی ساڵی 2027 دا، حکومەت پەنا دەباتە بەر ڕاگەیاندنی بودجەیەکی تهواوکاری.
سەبارەت بە کاتی ناردنی پڕۆژەکەش، مەزهەر محەمەد ساڵح ئاماژەی بەوە دا کە دوای تەواوبوونی ڕەشنووسەکە لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، لە مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوودا دەنێردرێتە پەرلەمان بۆ پەسەندکردن.
حکومەت لە بودجەی داهاتوودا جەخت لەسەر پاراستنی شایستە داراییەکانی چینە هەژارەکان، مووچەخۆران و چاودێریی کۆمەڵایەتی وەک "هێڵی سوور" دەکاتەوە.
هاوکات بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانیش، پشت بە ئەزموونی بودجەی ساڵانی ڕابردوو دەبەستێت.