ڕاستەوخۆ

قوتابیانی کورد لە حەلەب و عەفرین: ناهێڵن بە زمانی کوردی بخوێنین و کارەساتی پەروەردەیی بەڕێوەیە

reset font size increase font size

قوتابیانی کورد لە ناوچەکانی حەلەب، شەهبا و عەفرین داوایەکی بەپەلە و کراوە ئاراستەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکەن و تیشک دەخەنە سەر ئەوەی بە "کارەساتی پەروەردەیی" ناوی دەبەن.

 ئەمەش دوای ڕاگرتنی پرۆسەی خوێندن بە زمانی کوردی و داخستنی ئەو قوتابخانە و پەیمانگایانەی کە بەو زمانە دەخوێنن، بەهۆی پەرەسەندنە سەربازییەکان و شەڕی ئەم دواییەی ناوچەکەوە.

بەگوێرەی بانگەوازەکە، هەزاران قوتابی و خوێندکار لە قۆناغی سەرەتاییەوە تاوەکو پەیمانگا و زانکۆکان، لە مافی خوێندن بێبەش بوون، لە کاتێکدا دۆخەکە نادیارە و داهاتووی خوێندنیان نیگەارنی کردوون.

هاوکات هەزاران مامۆستا بەهۆی ڕاوەستانی ئەو ناوەندە پەروەردەیییانەی تێیدا کاریان دەکرد، بێکار بوون.

قوتابیان ئاماژە بەوە دەکەن کە پەیوەندیکردن بە قوتابخانەکانی دەوڵەتەوە ناتوانێت ببێتە چارەسەرێکی واقیعی، چونکە ئەوان لە ساڵانی رابردوودا بە زمانی کوردی خوێندوویانە، لە کاتێکدا قوتابخانە حکومییەکان بە زمانی عەرەبین، ئەمەش دەبێتە ئاستەنگێکی گەورەی زمانی و زانستی و ڕەنگە ببێتە هۆی دابەزینی ئاستی زانستییان.

خاوەنانی بانگەوازەکە جەخت لەوە دەکەنەوە کە قەیرانەکە سەرەڕای پرۆسەکانی تێکەڵکردن و ئەو لێکتێگەیشتنانەی کە دوای ڕێککەوتنەکانی سەرەتای ئەم ساڵ ڕاگەیەندران، هێشتا بەردەوامە.

 ئەوان داوا دەکەن دەستبەجێ ڕێگەیان پێبدرێت بگەڕێنەوە بۆ پۆلەکان و لە تەنیشت مامۆستا کوردەکانیانەوە دەست بە خوێندن بکەنەوە.

هەروەها داوایان لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و کەسایەتیی و سەرکردەکانی خەڵکی ناوچەی عەفرین، کردووە کە بەهانایانەوە بچن و چارەسەری بنەڕەتی بۆ ئەم قەیرانە بدۆزنەوە.

لە کۆتاییدا، قوتابیان داوایان لە ڕاگەیاندنە ناوخۆی و نێودەوڵەتییەکان کرد دەنگیان بگەیەننە بڕیاربەدەستان، و هۆشدارییان دا کە بەردەوامبوونی دۆخی ئێستا مانای لەناوچوونی داهاتووی نەوەیەکی تەواو و بێبەشکردنی هەزاران قوتابییە لە مافی فێربوون.

 

Rezhna Sardar

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.