بەگوێرەی ماڵپەڕی "عەفرین نها"، دوێنێ سوپای تورکیا لە گوندی جلبرێی سەر بە عەفرین کشایەوە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حکومەتی کاتیی سوریا ڕەوانەی گوندەکە کران.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی ئەوەی پێشتر سوپای تورکیا گوندەکەی کردبووە بارەگای سەربازی، ڕێگری لە هاووڵاتییان دەکرد بگەڕێنەوە سەر زەوی و ماڵەکانی خۆیان.
دوابەدوای کشانەوەکەش، هێزەکانی حکومەتی کاتیی سوریا دەستیان بە هەڵمەتی گەڕان و پاککردنەوەی گوندەکە و دەوروبەری لە مین کردووە، لە کاتێکدا هێشتا حکومەتی کاتیی سوریا ڕاگەیەندراوی فەرمی لەبارەی کشانەوەی سوپای تورکیا و شێوازی گەڕانەوەی هاووڵاتییان بڵاونەکردووەتەوە.
جێی باسە، سوپای تورکیا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی ساڵی ٢٠١٨ بۆ سەر عەفرین، لە بەشێکی زۆری گوند و ناوچەکانی عەفرین بارەگای سەربازی دامەزراندبوو، و ئێستاش بەگوێرەی ڕێککەوتنامەی ٢٩ی کانوونی دووەمی نێوان هەسەدە و حکومەتی کاتیی سوریا، پێویستە سەرجەم هێزەکانی سوپای تورکیا لە ناوچەکە بکشێنەوە.