لە کاتێکدا تەنها سێ هەفتە بۆ تەواوبوونی مەهڵەتی ٣٠ی ئەیلوولی حکومەتی عێراق ماوە بۆ کۆنتڕۆڵکردن و کۆکردنەوەی چەکی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت، فەسائیلە چەکدارە سەرەکییەکان بە ڕەچاوکردنی مەرجی قورس بڕیارەکەیان ڕەت کردەوە.
کازم فەرتوسی، وتەبێژی کەتیبەکانی سەیدشوهەدا ئاشکرای کرد کە لە دانوستانەکانی دوو ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ نوێنەرانی چوارچێوەی هەماهەنگی، بە ڕاشکاوی ڕایانگەیاندووە کە ئامادە نین چەک ڕادەست بکەن.
فەرتوسی جەختی کردەوە کە گرووپەکانی "مقاومە" متمانەیان بە ڕاگەیاندنی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا نییە، چونکە لەسەر زەوی و ئاسماندا پێشێلکارییەکانیان بەردەوامە.
بەپێی زانیارییەکان، کەتائیبی حزبوڵلا، حەركەی نوجەبا، کەتائیبی سەیدشوهەدا و حەركەی ئەوفيا کۆمەڵێک مەرجی سەرەکییان بۆ ڕادەستکردنی چەک خستووەتە ڕوو، لەوانە:
1. دەرکردنی تەواوەتیی هێزەکانی ئەمریکا و تورکیا لە سەراسەری عێراق.
2. کۆتاییهێنان بە دەستێوەردانی سیاسی و دارایی ئەمریکا لە عێراق.
3. هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و جێگیرکردنی هێزە فیدراڵییەکان لەناو هەرێمی کوردستان.
4. دابینکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و مووشەکیی بەهێز بۆ سوپای عێراق بۆ پاراستنی ئاسمان.
مەهدی کەعبی، سەرکردە لە بزووتنەوەی نوجەبا ڕایگەیاند کە وادەی دیاریکراوی حکومەت بۆ ئەوان ئیجباری نییە و پرسی چەک جیاناکرێتەوە لە سەروەریی نیشتمانی.
لە بەرامبەردا، حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی ئەلزەیدی جەخت دەکاتەوە کە هەوڵەکانیان لە ڕێگەی دیالۆگەوە بەردەوامە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ گرووپەکان ڕوو نەدات، تائێستاش ناکۆکییەکان لەسەر کات و ڕێکاری جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە بە کراوەیی ماونەتەوە.