ڕاستەوخۆ

ئیسرائیل داوای داخستنی کونسوڵخانەی بەریتانیا لە قودسی ڕۆژهەڵات دەکات

reset font size increase font size

 دوای ئەوەی بەریتانیا بە پاڵپشتی 11 وڵاتی دیکە هەڵمەتێکی سزادانی بازرگانیی دژی جووە هاوردە نایاساییەکانی ئیسرائیل ڕاگەیاند، ئەمەش کاردانەوەی زۆر توندی حکومەتی ئیسرائیلی لێکەوتەوە.

 ئید میلیباند، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، لە وتارێکدا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی، ڕایگەیاند کە لەندەن بە هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی دیکە بڕیاری داوە بە قەدەغەکردنی هاوردەکردنی کەلوپەلی جووە هاوردە نایاساییەکان لە ناوچە "داگیرکراوەکان".

 میلیباند بە توندی هێرشی کردە سەر تەلئەبیب و گوتی: "حکومەتی بەریتانیا دان بەوەدا دەنێت کە پاکتاوی ڕەگەزی لە کەرتی ڕۆژئاوا لەلایەن جووە هاوردە نایاساییەکان بەڕێوەدەچێت، حکومەتی ئیسرائیلیش چاوی لەم دۆخە پۆشیوە."

بەریتانیا سەرکردایەتیی هاوپەیمانەتییەک دەکات کە پێکهاتووە لە: (فەرەنسا، کەنەدا، دانیمارک، فینلەندا، ئایسلەندا، ئیرلەندا، نەرویج، پۆڵەندا، پورتوگال، ئیسپانیا، سوید). ئەم 12 وڵاتە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ئاماژەیان بەوە کردووە کە بەرزبوونەوەی توندوتیژیی شارۆچکەنشینەکان و فراوانبوونی پڕۆژەی نیشتەجێکردن لە ناوچەی (E1) دروستبوونی دەوڵەتی فەلەستینی دەخاتە مەترسییەوە.

 لە وەڵامدا، جدعۆن ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هەڵوێستی لەندەنی بە "پڕ لە درۆ و چەواشەکاری" ناوبرد و زنجیرەیەک ڕێکاری توندی دژی بەریتانیا ڕاگەیاند، لەوانە:

١. داخستنی کونسوڵخانە: هەڵوەشاندنەوەی حەسانەی کونسوڵخانەی بەریتانیا لە قودسی ڕۆژهەڵات.
٢. دەرکردنی دیپلۆماتکاران: دەرکردنی نوێنەرانی سەربازی لەندەن لە ناوەندی هاوبەشی چاودێری ئاگربەست لە غەززە.
٣. ڕاگرتنی ڕاهێنانی ئەمنی: کۆتاییهێنان بە بەرنامەکانی ڕاهێنانی ئەنجامدراو لەلایەن بەریتانیاوە بۆ هێزە ئەمنییەکانی دەسەڵاتی فەلەستین.
٤. قەدەغەکردنی هاتنەناوەوە: ڕێگریکردن لە هاتنەناوەوەی 12 بەرپرسی بەریتانی و کۆمەڵێک لە هاووڵاتیانی بەریتانی کە تەلئەبیب تۆمەتباریان دەکات بە هەڵوێستی دژە ئیسرائیل.

 لە ناوخۆی ئیسرائیل، بەرپرسانی توندڕەو داوای گرتنەبەری ڕێکاری توندتر دەکەن و ئیلیتـمار بن گەفیر داوای کرد ئیسرائیل سەروەری ئەرجەنتین بەسەر دوورگەکانی فۆکلانددا بسەلمێنێت، و بەتسلیئێل سمۆتریچ داوای دەرکردنی باڵیۆزی بەریتانیای کرد. سەرۆک کۆماری ئیسرائیل، ئیسحاق هێرتزۆگ، ئەم هەنگاوەی بە "وەستان لە لایەنە هەڵەکەی مێژوو" ناوبرد.

لە بەرامبەردا، سەرۆکایەتی فەلەستین و وەزارەتی دەرەوەی میسر پێشوازیی گەرمیان لە هەڵوێستی 12 وڵاتەکە کرد بۆ بەگژداچوونەوەی جووە هاوردەکان.

هاوکات، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا خۆی لە ئیدانەکردنی هەنگاوەکە بەدوور گرت، بەڵام جەختی کردەوە کە واشنتن بە هیچ شێوەیەک بەشداری لەم سزایانەدا ناکات.

Rebin Karim

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.