دەستەی دەستپاکیی عێراق دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری پێشووی ژمێریاریی پارێزگای سەلاحەددینی بە تۆمەتی گەندەڵی، خراپبەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی و بەهەدەردانی سامانی گشتی ڕاگەیاند.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی دەستەکە، تیمە تایبەتەکانیان لە کاتی گەڕان و پشکنینی ماڵی تۆمەتبارەکەدا دەستیان بەسەر بڕی دوو ملیار و 500 ملیۆن دیناری عێراقیدا گرتووە.
دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەش کردووە، تۆمەتبارەکە لە ڕێگەی دەرکردنی چەکی بانکیی وەهمی بە ناوی فەرمانبەران و بەکارهێنانی پسوولەی بەختکراو، دەستکاریی دارایی پارێزگاکەی کردووە.
لە بەردەوامی لێکۆڵینەوەکاندا ساغ بووەتەوە، کە ناوبراو خاوەنی شەش موڵکی گرانبەهایە و بە مەبەستی شاردنەوەیان خستوونیەتە سەر ناوی هاوسەرەکەی؛ لە ئێستاشدا بەپێی یاسای سزادانی عێراقی دەستبەسەرە و ڕووبەڕووی دادگا کراوەتەوە.