دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاردانی لەسەر دوو دۆسیەی گرنگ تایبەت بە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و بەکاربەڕێکەرکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ 26ی تشرینی یەکەمی داهاتوو دواخست، بێ ئەوەی سکاڵاکان ڕەت بکاتەوە.
سەبارەت بەم بڕیارە و هۆکارەکانی، عەلی حەمە ساڵح، بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست، لە لێدوانێکدا بۆ (نووچە تی ڤی) ڕایگەیاند، دادگای فیدراڵی داوای هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمان و بەکاربەڕێکەرکردنی حکومەتی ڕەتنەکردووەتەوە، بەڵکو دانیشتنەکەی بۆ 26ی 10 دواخستووە.
ئاماژەی بەوەش کرد، هۆکاری دواخستنی دانیشتنەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی سەرۆکی کاتیی پەرلەمان پارێزەری بۆ دانیشتنەکە نەناردووە، هەروەها پارێزەری حکومەتی هەرێمیش داوای مۆڵەتی کردووە تاوەکو بەڵگەی خۆیان ئامادە بکەن. جەختیشی کردەوە کە دادگا سکاڵاکانی لە تایبەتمەندیی خۆی بەدەر نەزانیوە و قبووڵی کردووە دادبینییان تێدا بکات.
ئەم دواخستنەی دادگای فیدراڵی لە کاتێکدایە کە دۆخەکە لەبەردەم مەترسیی پەککەوتنی دەستووریدایە، چونکە تا ئێستاش بەهۆی نەبوونی سازانی سیاسی لە نێوان لایەنە سەرەکییەکاندا، پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەکیکەوتووە.