بانکی ڕەشیدی عێراق بە پاڵپشتیی بانکی ناوەندی، دەستپێکردنی پێدانی قەرزێکی نوێی تاوەکو 30 ملیۆن دینار بۆ کڕین و دابینکردنی سیستمی وزەی خۆر ڕاگەیاند، کە ماوەی دانەوەکەی 7 ساڵە و سوودەکەی تەنیا 3%ـە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی بانکی ڕەشید، مەرج و ڕێنماییەکانی وەرگرتنی ئەم قەرزە سەرجەم هاووڵاتییان و فەرمانبەران دەگرێتەوە. ڕێژەی سوودی ساڵانەی کۆی قەرزەکە تەنیا 3% دەبێت و ماوەی 7 ساڵیش بۆ گەڕاندنەوەی دیاریکراوە.
لەبارەی ئاسانکارییەکانی دانەوەی قەرزەکەشەوە، بانکی ڕەشید ڕوونی کردووەتەوە کە دوای وەرگرتنی قەرزەکە یان خستنەسەر هەژمارەکەت، بۆ ماوەی 6 مانگی یەکەم هیچ قستێکی مانگانە لەسەر قەرزدار پێویست نابێت؛ ئەوەش وەک هەنگاوێک بۆ بەخشینی کات و دەرفەت تاوەکو پارەکە بۆ کڕین، گواستنەوە و جێبەجێکردنی سیستمی وزەی خۆرەکە بەکاربهێنرێت پێش ئەوەی گوشاری دانەوەی قستەکان بکەوێتە سەرشان.