بەڕێوەبەری بانکی ناوەندی عێراق ڕایگەیاند، بەهۆی کاریگەریی قەیرانە ناوخۆییەکان و پەککەوتنی هەناردەی نەوتەوە، قەبارەی یەدەگی دراوی بێگانە لە عێراق دابەزیوە و زیاتر لە ٣٠ ملیار دۆلاری تێدا خەرجکراوە.
نزار ناسر، پارێزگاری ناوەندی بانکی عێراق (CBI)، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد کە یەدەگی دۆلاری وڵات لە ١٠٩ ملیار دۆلارەوە دابەزیوە بۆ ٧٧.٥ ملیار دۆلار، کە ئەمەش نیشانەی دابەزینێکی گەورەیە بە بڕی نزیکەی ٣١.٥ ملیار دۆلار.
بەگوێرەی زانیارییەکانی بەشداربوویەکی کۆبوونەوەکە، زۆربەی ئەو پارانە بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت خەرجکراون.
عێراق لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێرانەوە ڕووبەڕووی قەیرانێکی قوڵی دارایی بووەوە، بەتایبەت دوای داخستنی گەروی هورمز کە سەرچاوەی سەرەکی داهاتی وڵات واتە فرۆشتنی نەوتی بە ڕێژەیەکی زۆر پەکخست.
لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرعێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا هۆشداری دا کە بەغدا پەنای بردووەتە بەر چاپکردنی دراو بە ڕێژەی ٢٥٪ زیاتر لە توانای دارایی ڕاستەقینەی خۆی، و هۆشداری دا کە ئەگەر ململانێکان تا کۆتایی ئەم ساڵ بەردەوام بن، کارەساتێکی دارایی چاوەڕێی عێراق دەکات.
هەروەها، بانکی ناوەندی عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دۆخەکە نزیکەی ٤٣ تریلیۆن دینار (نزیکەی ٣٢.٨ ملیار دۆلار) ی خستووەتە بازاڕەوە؛
ئەوەش لە ڕێگەی چاپکردنی زیاتری دراو، دەستکاریکردنی یەدەگ و گەڕاندنەوەی ئەو پارە دزراوانەی کە پێشتر حەواڵەی دەرەوە کرابوون. لە ناوەڕاستی تەممووزیشدا، لیژنەی دارایی پەرلەمان ڕایگەیاند کە ڕەشنووسی یاسایەکی قەرزکردنی ناوخۆیی و دەرەکییان بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکە تەواو کردووە.