وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە فەرمی ڕەزامەندی لەسەر گرێبەستێکی سەربازیی گەورە دەربڕی بۆ دابینکردنی هۆلیکۆپتەری شەڕکەری پێشکەوتوو و سیستەمی بەرگری ئاسمانی بۆ حکومەتی عێراق، کە بەهای سەرجەم پێداویستییەکان بە 800 ملیۆن دۆلار دەکەمڵێنرێت.
جۆری هۆلیکۆپتەرەکان و ئامانجی گرێبەستەکە بەپێی ڕاپۆرتێکی "إرم نيوز"، واشنتۆن ئامانجیەتی لە ڕێگەی ئیمزاکردنی ئەم گرێبەستەوە هاوکات لەگەڵ کەمکردنەوەی هێزەکانی، توانای بەرگریی سەربەخۆیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بەهێز ببات. ئەگەرچی ژمارەی فڕۆکەکان بە فەرمی ڕانەگەیەندراوە، بەڵام بەپێی بەهای دارایی گرێبەستەکە پێشبینی دەکرێت لەنێوان 25 تا 40 هەلیکۆپتەر لە جۆرەکانی "Bell 412EPX" و "Bell 407M" بن.
گرێبەستەکە هاوکات ڕەشاشی سیانیی (GAU-19)، موشەکهاوێژی (M260)، سیستەمی پێشکەوتووی نیشانەگرتن و هەستپێکردن، لەگەڵ ئامێری پەیوەندی لەخۆدەگرێت.
عێراق بەم هەنگاوە ئامانجیەتی بە تەواوی دەستبەرداری فڕۆکە ڕووسییەکانی (Mi-17) ببێت، چونکە بەهۆی جەنگی ئۆکرانیا و سزاکانی سەر مۆسکۆ، هێزی ئاسمانی عێراق تووشی کێشەی نەبوونی پارچەی یەدەگ بووەتەوە.
سێ مەرجەکەی ئەمریکا بۆ بەغدا سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە واشنتۆن لە بەرامبەر جێبەجێکردنی ئەم گرێبەستە سەربازییەدا، سێ مەرجی توندی ئاراستەی حکومەتی عێراق کردووە:
١. ڕێگیریکردن لە هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
٢. دەستدرێژینەکردن بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ.
٣. گرتنەبەری ڕێکاری کرداری بۆ ئەوەی ئێران نەتوانێت وەک ئامرازێک ڕێگری لە فرۆشتنی نەوتی عێراق یان ئابووریی ناوچەکە بکات.
جێی ئاماژەیە، کۆمپانیای (Bell Textron) کە بارەگاکەی لە ویلایەتی تێکساسە، بەڵێندەری سەرەکیی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەبێت و جگە لە دابینکردنی پارچەکان، بەرپرس دەبێت لە پێشکەشکردنی بەرنامەی ڕاهێنانی گشتگیر بۆ فڕۆکەوانان و کارمەندە فەنییەکانی سوپای عێراق.