ڕاستەوخۆ

بۆ بەشداری کۆبوونەوەی بەڕێوەبردنی دەوڵەت نێچیرڤان بارزانی گەیشتە بەغدا

reset font size increase font size

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، هاوپەیمانیی "بەرێوەبردنی دەوڵەت" بە بەشداریی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی گرنگ و باڵای لە بەغدای پایتەخت ساز کرد. بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەکە، ئامادەکاریی بۆ گەشتە چاوەڕوانکراوەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا لە پێشەنگی تەوەرەکاندا بووە.

لە کۆبوونەوەکەدا، سەرکردە سیاسییەکانی عێراق بە چڕی باسیان لە بارودۆخی گشتیی وڵات و دوایین پێشهات و ئاڵۆزییە سەربازییەکانی ناوچەکە کرد. هاوکات، پڕۆگرامی کار و ئەجێندای گەشتە فەرمییە نزیکەکەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ واشنتن و دیداری چاوەڕوانکراوی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا خرایە بەرباس، بە مەبەستی داڕشتنی هەڵوێستێکی یەکگرتووی نیشتمانی لەسەر ئاستی باڵا.

پێشتر لە ئێوارەی ئەمڕۆدا، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە فەرمی ڕایگەیاندبوو کە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم بە مەبەستی بەشداریکردن لەم کۆبوونەوەیە، بەرەو بەغدای پایتەخت بەڕێکەوتووە.

لەسەر هەمان بابەت، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی فەرمیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کە بەشداریکردنی نێچیرڤان بارزانی بە سیفەتی فەرمیی خۆی وەک سەرۆکی هەرێم، ڕەنگدانەوەی سروشتی پەیوەندییە فیدراڵییەکانی نێوان بەغدا و هەولێرە و ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە بەڕێوەبردنی کاروباری وڵاتدا بەهێزتر دەکات.

گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێم ئاماژەی بەوەش دا، کە سەرۆکی هەرێم لەم کۆبوونەوەیەدا بە توندی جەخت لەسەر پاراستنی تەواوی ماف و شایستە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان دەکاتەوە.

باشووری کوردستان
نووچە تیڤی

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.