دەستەی گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ڕایگەیاند، بەهۆی ڕاگرتنی کاتیی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر، هەناردەکردنی 1400 بۆ 1600 مێگاوات کارەبا لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا و سەلاحەدین بەتەواوی وەستاوە.
د. ئەحمەد تورکی، گوتەبێژی وەزارەتەکە ئاشکرای کرد، دوای دەستپێکردنەوەی پلەبەندیی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی کۆرمۆر بە گەرەنتیی ئەمنی، لە ئێستادا دانوستاندن بەردەوامە بۆ ئاساییکردنەوە و دەستپێکردنەوەی بەخشینی کارەبا لە هەرێمەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەش کرد، عێراق لە کۆی 22 هەزار مێگاوات کارەبای بەرهەمهاتوو، ڕێژەی %55 تا %60ی (نزیکەی 10 هەزار مێگاوات) بەهۆی خراپیی تۆڕەکانی گواستنەوە و زێدەڕۆییەوە بەفێڕۆ دەچێت.
عێراق ڕۆژانە 20 هەزار مەترسێجا گاز لە ئێرانەوە وەردەگرێت و هەوڵی کاراکردنەوەی ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ تورکیا، ئوردن و کوێت دەدات، وەزیری کارەبا لە دانیشتنێکی پەرلەماندا ڕایگەیاند، وڵاتەکە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکە پێویستی بە 60 هەزار مێگاوات کارەبا هەیە، بەڵام ئێستا تەنیا سێیەکی ئەو بڕە بەرهەم دەهێندرێت.