وەزارەتی بەرگریی سعوودیە ڕایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەیان بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی ناوەندیی ئەرکانی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم)، زنجیرەیەک هێرشی دەستنیشانکراویان بۆ سەر ئامانجەکانی گروپە چەکدارەکانی عێراق کە بەمەبەست لێی حەشدی شەعبییە ئەنجامداوە.
لیوا روکن تورکی مالیکی، وتەبێژی فەرمیی وەزارەتی بەرگریی سعودیە ڕایگەیاند، ئەم هێرشانە وەک وەڵامێک بوون بۆ پەلامارە درۆنییەکانی پێشووی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵات و ڕیاز، کە بەپێی ئامارەکان لە ناوخۆی خاکی عێراقەوە لەلایەن " گروپە لەیاسادەرچووەکانەوە" ئاڕاستە کرابوون. جەختیشی کردەوە کە ڕیاز بەرگری لە ئاسایشی خۆی دەکات و مافی خۆپاراستنی بەپێی ماددەی 51ـی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەکار هێناوە، بەڵام هاوکات خوازیاری ئاڵۆزیی زیاتر نییە لە ناوچەکەدا.