سەرکردەیەکی ڕەوتی حیکمە ڕایگەیاند کە دانوستانەکانی نێوان هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی و گرووپە چەکدارەکان سەبارەت بە پرسی چەکداماڵین بە باشی بەڕێوە دەچن و هەردوولا گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنی ئەرێنی.
فەهد جبووری، سەرکردە لە ڕەوتی حیکمە، ئاماژەی بەوە دا کە لیژنەی دانوستانکاری چوارچێوەی هەماهەنگی چەند گەڕێکی گفتوگۆی لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان ئەنجام داوە و ئاستەنگەکانی قۆناغی ئێستا و داهاتووی عێراقیان تاوتوێ کردووە.
ناوبراو ئەوەشی خستە ڕوو کە بۆ قۆناغی دوای کشانەوەی سوپای ئەمریکا لە عێراق لە کۆتایی ئەم مانگەدا، زەمینەسازی کراوە و گەیشتوونەتە جۆرێک لە ڕێککەوتن.
ئەو لیژنەیەی کە لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە بۆ بەڕێوەبردنی ئەم گفتوگۆیانە پێکهێنراوە، پێکهاتووە لە هەریەک لە نووری مالیکی، هادی عامری، محەممەد شیاع سوودانی و هومام حەموودی.