ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕووداوێکی ئەمنیی دەریایی لە ئاوە هەرێمییەکانی عێراق کەوتەوە، دوای ئەوەی کەشتییەکی نەوتهەڵگری بیانی بەهۆی هێرشی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە (درۆن) ڕاستەوخۆ کرایە ئامانج.
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوە ئەمنی و دەریاییەکان، کەشتییە نەوتهەڵگرەکە ئاڵای وڵاتی پەنەمای هەڵگرتووە و لە کاتی ئامادەبوونی لە ناوچەی بارکردن (STS) لە ئاوەکانی عێراق، تووشی ئەم هێرشە بووەتەوە.
هێرشەکە بووەتە هۆی تەقینەوە و کەوتنەوەی ئاگر لە بەشێک لە کەشتییەکە کە بارکرابوو بە نەوتی خاو. سەرچاوەکان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە هێرشەکە سەرڕای زیانە ماددییەکان، هیچ زیانێکی گیانی یان برینداربوونی لەناو تاقمی سەر کەشتییەکە لێنەکەوتووەتەوە.
لە دوای ڕووداوەکە، تیمەکانی فریاگوزاری و دەوریە دەریاییە تایبەتمەندەکان گەیشتوونەتە شوێنەکە و ڕێکاری بەپەلیان بۆ پاراستنی کەشتییەکە و بەربەستکردنی ئاگرەکە گرتووەتە بەر.
هاوکات لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوانیان دەستپێکردووە بۆ زانینی نادیارییەکان، بڕی زیانەکان و دەستنیشانکردنی ئەو لایەنەی لەپشت ئەنجامدانی ئەم هێرشەوە بووە.