دابینکردنی دۆلاری نەختینەیی و حەواڵەی دەرەکی لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە بۆ گەشت و بازرگانی بەشێوەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە، ئەوەش کێشەی بۆ هاوڵاتییان و بازرگانان دروست کردووە بەجۆرێک ڕاپۆرتی بڕی دۆلاری دراو بە گەشتیاران و مامەڵەی هاوردەکردنی کاڵا تووشی پەککەوتن و دواکەوتنی زۆر بووەتەوە.
بەرپرسانی چەند بانکێک ڕایانگەیاندووە، پشکی مانگانەیان لە دۆلاری نەختینەیی بانکی ناوەندی بۆ پێنج یەکی پێشوو کەم بووەتەوە و ڕێکارەکانی بەدەستگەیشتنی دۆلار بۆ هاوردەکردنی کاڵا لە حەوت بۆ هەشت ڕۆژەوە درێژ بووەتەوە بۆ نزیکەی مانگێک.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، هۆکاری سەرەکیی ئەم داڕمانە پەیوەندیدارە بە کەمبوونەوەی ناردنی دۆلاری کاش لەلایەن بانکی فیدراڵیی ئەمریکاوە، بەرزبوونەوەی ڕێکارەکانی ڕێگری لە قاچاخچێتی و دابەزینی ئاستی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ کەمتر لە نیوە دوای جەنگی ئەمریکا و ئێران.
لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوە ئاگادارەکان و ڕاوێژکارانی دارایی ئاماژە بەوە دەکەن، بانکی ناوەندی لە ئێستادا لە بری کاڵا لاوەکییەکان، زیاتر گرنگی بە دابینکردنی دۆلار بۆ کاڵا بنەڕەتییەکانی وەک خۆراک دەدات. هەروەها دابەزینی 11٪ی یەدەگی بانکی ناوەندی لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بەهۆی قەرزدان بە وەزارەتی دارایی بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە و خەرجییەکان، بارگرانییەکی زۆرتری خستووەتە سەر دارایی و ئاڵوگۆڕی دراو لە وڵاتدا.