بڕیارەکانی حکومەتی تاڵیبان بۆ قەدەغەکردنی خوێندنی کچان لە قۆناغەکانی ناوەندی، زانکۆ و پەیمانگە پزیشکییەکاندا، کەرتی تەندروستیی ئەفغانستانی تووشی قەیرانێکی مەترسیدار کردووە، بەجۆرێک چەندین پارێزگای وڵاتەکە بە تەواوی لە پزیشکی پسپۆڕی ژنان خاڵی بوون.
بە گوێرەی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان، پارێزگاکانی هێلمەند، زابول، ئوروزگان و نورستان هیچ پزیشکێکی پسپۆڕی ژنانیان تێدا نییە، لە کاتێکدا لە پارێزگای قەندەهار تەنیا سێ پسپۆڕ ماونەتەوە. ئەم کەمییە توندەی کادرانی تەندروستی ژن هاووڵاتییانی ناچار کردووە ڕێگەی سەخت و گەشتی هەشت تا دە کاتژمێری ببڕن بۆ گەیاندنی نەخۆشەکانیان بە ناوەندە تەندروستییەکان.
پرۆسەکە بەهۆی بڕینی هاوکارییە داراییەکانی ئەمریکا و داخرانی بنکە تەندروستییەکان زیاتر ئاڵۆز بووە، بەجۆرێک لە هەندێک ناوچەی دوورەدەست تەنیا یەک مامان بەبێ بوونی ئامێری سۆنەر و ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن بەرپرسە لە خزمەتکردنی هەزاران کەس.
ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری دەدات، لە ئاستی ئەفغانستاندا لە هەر کاتژمێرێکدا دایکێک بەهۆی کێشەکانی دووگیانی و منداڵبوونەوە گیان لەدەستدەدات، لە کاتێکدا ڕێژەی منداڵبوون لەژێر چاودێریی کارامە لە پارێزگایەکی وەک نورستان بۆ نێزیکەی ٥.٩٪ دابەزیوە.
لە لایەکی دیکەوە، یونیسێف جەخت دەکاتەوە، بەردەوامبوونی ئەم ڕێگرییانە تا ساڵی ٢٠٣٠ دەبێتە هۆی کەمیی نێزیکەی ٢٥ هەزار مامۆستا و کارمەندی تەندروستیی ژن، بەوەش ژیانی ملیۆنان ژن و منداڵ لەو وڵاتەدا دەکەوێتە مەترسیی جدییەوە.