بە بڕیاری دادوەر ئەبوقاسم سەڵاواتی، سەرۆکی لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران، وەرشە مورادی (ورێشە مورادی)، زیندانیی سیاسیی کورد و ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کژار)، بۆ ماوەیەکی نادیار لە ئەنجامدانی پەیوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتنی خێزانی بێبەش کرا.
سزایەک وەک کاردانەوەی ئامادەنەبوون لە دادگا
بەگوێرەی زانیاریی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ئەم بڕیارەی دادوەر- دوای ئەوە دێت کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر وەرشە مورادی ڕەتیکردەوە لەبەردەم لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بۆ دادگاییکردن ئامادە بێت.
لە کاردانەوەی ئەم هەڵوێستەشدا، دادوەرەکە سزای بێبەشکردنی بێ سنووری لە پەیوەندی و چاوپێکەوتنی بەسەردا سەپاندووە.
ئەمە یەکەمجار نییە کە ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە ڕووبەڕووی ئەم جۆرە سزایانە دەبێتەوە؛ پێشتریش چەندین جار، لەوانەش بەهۆی پشتیوانیکردنی لە کەمپەینی "سێشەممەکانی دژ بە سێدارە"، مافی پەیوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتنی خێزانیی لێ زەوت کرابوو.
پێشینەی دۆسیەکە و هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارە
وەرشە مورادی لە ئابی ساڵی ٢٠٢٣ەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و لەو کاتەوە لە زینداندایە.
پێشتر دادگای شۆڕش سزای سێدارەی بەسەردا سەپاندبوو، بەڵام لە کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥دا، دیوانی باڵای ئێران بەهۆی هەبوونی کەموکوڕی لە ڕێکارە یاساییەکانی دۆسیەکەیدا، سزای سێدارەکەی هەڵوەشاندەوە.
دوای هەڵوەشاندنەوەی سزا کۆنەکە، دۆسیەکەی مورادی بۆ پێداچوونەوە و دادگاییکردنەوەی دووبارە ڕەوانەی لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران کرایەوە، کە ئێستا بەهۆی ڕەتکردنەوەی بەشداریکردنی لە دانیشتنی دادگادا، ڕووبەڕووی ئەم سزایە نوێیە بووەتەوە.