ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێکی ئاماریی هۆشدارییدەردا، پێشێلکارییەکانی دژی مافەکانی ژنان لە ئێران لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦دا بڵاوکردەوە، کە تێیدا لەسێدارەدانی ٩ ژن، دەستگیرکردنی ٥,٠٠٠ ژن و کوژرانی لانی کەم ٢٥٠ ژن لە خۆپێشاندانەکانی مانگی کانوونی دووەمدا دۆکیۆمێنت کراون.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی هەنگاو، لەم ماوەیەدا لانیکەم ٤٥ دۆسیەی ژنکوژی (فێمیساید) تۆمارکراون کە زۆربەیان بەهۆی کێشەی خێزانییەوە بووە و لەلایەن کەسە نزیکەکانیانەوە کوژراون.
هەروەها چوار چالاکوانی ژن سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە و ٤٤ی دیکەش سەرجەم بە ٢١١ ساڵ بەندکردن سزادراون. ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەش دەکات کە بەهۆی سنووردارکردنی توندی ئینتەرنێت لە کاتی شەڕی چل ڕۆژەی نێوان ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکادا، تا ئێستا تەنیا ناسنامەی ٣٦٨ ژن لە کۆی ٥,٠٠٠ دەستگیرکراوەکە بە تەواوی پشتڕاستکراوەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە دوو ژن لە کاتی خۆشیاڵییەکانی سەر شەقام دوای ڕاگەیاندنی هەواڵی مردنی عەلی خامنەیی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان کوژراون؛
لەگەڵ گیانلەدەستدانی سێ پێشمەرگەی ژنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە بۆردومانەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر هەرێمی کوردستان و دوو گەریلای ژنی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (YRK) لە شەڕی چەکداریدا لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٠ تا ٢٠٢٦. ڕێکخراوی هەنگاو دۆخی نایەکسانیی جێندەری و جیاکاریی سیستماتیک لە ئێران بە تەواوی نالەبار و جێی مەترسیی قووڵ وەسف دەکات.