عەلی ئەکبەر وەلایەتی، ڕاوێژکاری باڵای کاروباری دەرەوەی ڕێبەری باڵای ئێران، بە توندی هێرشی کردە سەر عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەردانەکەی بۆ واشنتن و کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ بە "بێوەخت" و "شەرمەزارییەکی گەورە" وەسف کرد کە بووەتە هۆی "وەشاندنی گورزێک لە کەرامەتی گەلی عێراق."
وەلایەتی، ڕاوێژکاری موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، زەیدی بە "گەنج و بێئەزموون" ناوبرد و ڕەخنەی توندی لێگرت کە چەند ڕۆژێک دوای کوژرانی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی لە هێرشێکی ئەمریکی-ئیسرائیلیدا، سەردانی کۆشکی سپی کردووە و "هیچ نیشانەیەکی خەمباریی پێوە دیار نەبووە."
ئەم سەردانەی زەیدی کە بە ئامانجی پەرەپێدانی هاوبەشیی ئابووری ئەنجامدرا، توڕەیی حیزب و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانی لێکەوتووەتەوە؛
بەتایبەت دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ لە کۆبوونەوەکەدا شانازیی بە کوشتنی ئەبو مەهدی موهەندیس و قاسم سولەیمانی لە ساڵی ٢٠٢٠دا کردبوو، بەڵام زەیدی وەڵامی نەدابووەوە و ڕایگەیاندبوو کە ئەو کاتە لە بواری سیاسەتدا نەبووە و دەیەوێت سەرنج بخاتە سەر داهاتوو.
وەلایەتی بە توندی ڕەخنەی لەم بێدەنگییەی زەیدی گرت و ڕایگەیاند کە دەبوو "پەرچەکردارێکی توندی" هەبێت.