میدیا عێراقییەکان لە سەرچاوەیەکی تایبەتەوە ئاشکرایان کردووە ئاڵۆزی و هێرشە ڕاگەیاندنەکانی کەتیبەکانی حزبوڵاوە دژی سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی، لە واقیعدا بەرهەمی سەردانەکەی ئەم دواییەی ئیسماعیل قائانی ، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران بوو بۆ بەغداد.
سەردانێک کە پەیامێکی ڕوونی ئێرانی هەڵگرتبوو، نەک تەنها بۆ ڕێگری لە چەککردنی گرووپە چەکدارەکان، بەڵکو بۆ ئامادەکردنیان بۆ قۆناغێکی نوێی ئاڵۆزییە هەرێمایەتییەکان.
سەرچاوەیەکی سیاسیی نزیک لە چوارچێوەی هەماهەنگی ئاماژەی بەوە کردووە، قائانی لەگەڵ سەرکردەی گرووپە چەکدارەکاندا چەندین هەنگاوی سیاسی و مەیدانی ڕێکخستووە بە مەبەستی پەکخستنی پڕۆژەی داماڵینی چەک و قۆرغکردنی لەدەستی دەوڵەتدا، بەڵام لە هەمان کاتدا هۆشداریشی داوە پییان لە راکێشانیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی کراوە و راستەوخۆ لەگەڵ حکومەتدا.
چوونە ناو جورف ئەلسەخر: هێڵە سوورەکەی تاران
بەپێی زانیارییەکان، بڕیاری ئیسماعیل قائانی بۆ بەغداد دوای ئەوە هات زانیاریی دەستکەوت بوو دەربارەی ئامادەکارییەکانی حکومەتەکەی زەیدی بۆ ڕەوانەکردنی هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەت بۆ ناوچەی "جورف ئەلسەخر".
ئەم ناوچەیە کە یەکێکە لە قەڵا داخراو و بەهێزەکانی کەتیبەکانی حزبوڵا، چوونی هێزی حکومی تێیدا دەبووە تاقیکردنەوەیەکی بێپێشینە بۆ دەسەڵاتی دەوڵەت لە ناوچەیەکی وا هەستیاردا.
لە لایەکی ترەوە، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەوەی ڕۆژی چوارشەممە سەردانی بەغداد بکات، تاوەکو کۆمەڵێک مەلەفی گرنگ تاوتوێ بکات کە لە سەروو هەموویانەوە پرسی چەککردنی گرووپەکان، هەڵوێستی ئێران بەرامبەر ڕێکارەکانی حکومەت، پرسی گەرووی هورمز و مەترسییەکانی هەڵگیرسانی جەنگێکی نوێ لە ناوچەکەدا دەبن.
مەرجە ئەستەمەکانی کەتیبەکانی حزبوڵا
دوای چەند ڕۆژێک لە سەردانەکەی قائانی، ئەبو مەجید ئەلعەساف، بەرپرسی ئەمنیی کەتیبەکانی حزبوڵا ئاستی ئاڵۆزییەکانی بەرامبەر زەیدی بەرزکردەوە و هەڕەشەی ڕووبەڕووبوونەوەی بەپێی بنەمای "چاو بەرامبەر چاو" کرد. هەروەها سێ مەرجی پێشوەختەی بۆ هەرلێکتێگەیشتنێک لەسەر پرسی چەک دیاری کرد:
کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی ئەمریکا
کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی تورکیا
هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە
ئەم مەرجانە بە کرداریی دیالۆگیان لە چوارچێوەی "چەککردن"ەوە گواستەوە بۆ پرسی زۆر گەورەتر کە لە توانای بڕیاردانی حکومەت بەدەرن، ئەمەش وا دەکات ئامانجەکە تەنها بەرزکردنەوەی ئاستی دانوستان بێت نەک مەرجی جێبەجێکراو لە کاتێکی کورتدا.
نە ڕادەستکردنی چەک و نە ڕووبەڕووبوونەوە
دکتۆر فراس ئۆلیان (فراس إلياس)، توێژەری سیاسیی عێراقی بە ماڵپەری ئیرەمی گوتووە :سەردانەکەی قائانی و ئاڵۆزییەکانی دوای ئەوەی کەتیبەکانی حزبوڵا ئاماژەی ئاشکران لەسەر ئەوەی تاران لەم قۆناغەی ئێستادا ئامادە نییە دەستبەرداری کارتی سەربازی بێت کە لە گرووپە چەکدارە عێراقییەکاندا بەرجەستە بووە.
ئێلیاس ئاماژە بەوە دەکات کە بەردەوامی ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی هەرێمایەتی وا لە ئێران دەکات گرووپەکان لە "ئامادەباشیی " بهێڵێتەوە، بەبێ ئەوەی ئەمە بە مانای پاڵنانیان بێت بۆ شەڕێکی کراوە لەگەڵ حکومەتی عێراقدا.
ئەم خوێندنەوەیە تەواو هاوتەریبە لەگەڵ ئەو زانیارییانەی پێشتر بڵاوکرابوونەوە، کە تێیدا قائانی داوای لە گرووپەکان کردبوو چەکەکانیان ڕادەست نەکەن، بەڵام هاوکات هۆشداری دابووەوە لە پێکدادان لەگەڵ حکومەت و هانی دابوون گوشاری سیاسی بەکاربهێنن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن.
تاران ستراتیژییەکەی لە هاوکێشەی " پاراستنی چەکی گرووپەکان بێ ئەوەی ڕێگە بە تەقینەوەی شەڕی ناوخۆیی عێراق بدرێت" کورت دەکاتەوە.
سەردانەکەی قائانی هەوڵێک بوو بۆ بەڕێوەبردن و کۆنتڕۆڵکردنی ئاڵۆزییەکان نەک هەڵگیرساندنیان، چونکە ئێران چەکداری بۆ کاتی پێویست دەوێت، بەڵام نایەوێت ئەم گرووپانە ببنە هۆی لەدەستدانی هەژموون و نفووزی سیاسی لە ناوخۆی عێراقدا.
سەردانەکەی قالیبافیش تەواوکەری ئەم هەنگاوەیە؛ دوای جوڵەی سەربازیی قائانی، تاران لە ڕێگەی کەسایەتییەکی باڵای سیاسییەوە دەستوەردان دەکات بۆ کاریگەریخستنە سەر هێزە عێراقییەکان و گرتنەبەری بەربەست لە بەرامبەر بڕیارە توندەکانی حکومەت پێش وادەی 30ــی سێپتەمبەر.
گرووپەکان چییان بەسەر دێت؟
سەبارەت بە ڕۆڵی گرووپەکان لە کاتی ڕوودانی شەڕی هەرێمایەتی، توێژەر فراس ئێلیاس ڕوونیدەکاتەوە کە تاران ڕەنگە داوای ڕۆڵی پلە بە پلەیان بداتێ، کە بە پاراستنی توانای موشەکی و درۆنەکان و تۆڕەکانی پشتیوانی دەست پێدەکات.
بەپێی ئاستی ئاڵۆزییەکان، ڕەنگە کارەکە بگاتە دروستکردنی فشار لەسەر بەرژەوەندی و بنکەکانی ئەمریکا یان کردنەوەی بەرەیەک بۆ پەکخستنی سنووردار.
بایەخی ئەم گرووپانە بۆ ئێران تەنها لە بەکارهێنانی ڕاستەوخۆیاندا نییە، بەڵکو لە مانەوەیان دایە وەک "هێزێکی بەرپەرچدانەوەی شاراوە" کە پێویستە نەیارەکانی تاران حسابی بۆ بکەن.
ئەمەش هەستیاریی ناوچەی "جورف ئەلسەخر" ڕوون دەکاتەوە، چونکە چوونە ژوورەوەی هێزی حکومی بۆ ئەو ناوچە داخراوانە، بابەتەکە لە داواکاری سیاسییەوە دەگۆڕێت بۆ هەوڵێکی کردارەکی بۆ خستنەژێر ڕکێفی سەربازی دەوڵەتەوە.
تاقیکردنەوەی 30ــی سێپتەمبەر لە بەرامبەردا، حکومەتەکەی زەیدی سوورە لەسەر جێبەجێکردنی نەخشە رێگاکەی. هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت پشتگیرییەکی سیاسی ڕوونی پێبەخشیوە بۆ کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت، و هۆشداری داوە کە دوای 30ــی سێپتەمبەر، بەپێی یاسای دژە تیرۆر مامەڵە لەگەڵ هەر چالاکییەکی چەکداری لەدەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت دەکرێت.
بەپێی خوێندنەوەی شارەزایان، گرووپە چەکدارەکان دەتوانن "ئاستەنگ بۆ جێبەجێکردنی تەواوەتی" پلانەکە دروست بکەن. بەڵام ناتوانن پڕۆژەکە بە تەواوی بوەستێنن چونکە حکومەت خاوەنی چەتری سیاسی و یاسایی بەرفراوانترە. لە هەمان کاتدا گرووپەکان خاوەنی هێزی سەربازی و هەژموونی ئابووری و سیاسی کۆنترۆڵکراون کە داپۆشینیان بە هێز زۆر مەترسیدار دەبێت.
بۆیە پێشبینی ناکرێت 30ــی سێپتەمبەر ببێتە وادەی چەککردنی یەکجارەکی ، بەڵکو دەبێتە «سەرەتای جەنگێک بۆ پێناسەکردنەوەی پەیوەندی نێوان دەوڵەت و گرووپە چەکدارەکان». ئەمەش ڕێگە لە چەکی قورس، موشەک و درۆنەکان دەگرێت و جوڵەی هێزەکان دەبەستێتەوە بە بڕیاری فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان.
بەغداد لە هەفتەکانی کۆتایی پێش تەواوبوونی مۆڵەتەکە دەچێتە ناو هاوکێشەیەکی زۆر هەستیارەوە، حکومەت هەوڵ دەدات بڕیاری چەککردن لە دروشمەوە بگوێزێتەوە بۆ جێبەجێکردن، گرووپەکان هەڕەشەکان بەرزتر دەکەنەوە، و ئێرانیش هەوڵی کڕینی کات دەدات.
لە نێوان سەردانەکەی قائانی و جوڵەکانی قالیبافدا، پەیامەکەی تاران ڕوونتر دەبێتەوە، هێشتنەوەی گرووپەکان بە بەهێزی بۆ کاتی پێویست، و بە کۆنترۆڵکراوی تاوەکو عێراق پێش دەستپێکردنی جەنگی هەرێمایەتی داهاتوو نەتەقێتەوە.