دوای سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرۆکی پەرلەمانیش دڵنیایی ددا کە مووچەی مووچەخۆرانی عێراق پارێزراوە و پرۆسەی دابەشکردنی بە بێ هیچ گرفت و کێشەیەک بەردەوام دەبێت.
هەيبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە وتەیەکدا لە کۆڕبەندی دیالۆگی بەغداددا ڕژدبوونی دەوڵەت و دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی بۆ دابینکردنی مووچە دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند کە بە گرتنەبەری ڕێکاری پێویست هیچ مەترسییەک لەسەر مووچە نییە.
سەبارەت بە دۆسیەی ئەمنی و بڕیاری حکومەت بۆ ئەوەی چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت، حەلبووسی ڕوونی کردەوە کە چەکداماڵینی گرووپە چەکدارەکان پرسێکی دەستوورییە و لە کۆتایی مانگی نۆی ئەمساڵدا پرۆسەکە بە شێوەیەکی ئاشتییانە دەست پێ دەکات.
هەروەها ناوبراو سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لە پێدادانی چاوەڕوانکراوی نێوان گرووپە چەکدارەکان و هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەکەن و جەختیکردەوە کە پرۆسەی کۆکردنەوەی چەک بێ گرفت بەڕێوەدەچێت.
لە کۆتایی قسەکانیدا، سەرۆکی پەرلەمان پشتیوانیی تەواوی پەرلەمانی بۆ هەڵمەتەکانی حکومەت لە دژی گەندەڵی و گەڕانەوەی پارە دزراوەکان بۆ خەزێنەی گشتی دووپات کردەوە.