ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ڕایگەیاند کە دادگەی لێکۆڵینەوەی کەرخ قۆناغی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ ئەو تۆمەتبارە بیانیانە تەواو کردووە کە لە سووریاوە بۆ عێراق گواسترابوونەوە، و دۆسیەکانیان بۆ دادگاییكردن ڕەوانە کراوە.
ئەم بڕیارە لە کۆبوونەوەیەکی باڵای ئەمنی و دادوەریدا بە سەرپەرشتیی فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری، دەرچووە و تێیدا جەخت کرایەوە کە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم زیندانییانەدا بەپێی یاساکانی عێراق و ڕێککەوتننامە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و وڵاتانی پەیوەندیدار دەبێت.
هەروەها بڕیار درا کە ناوەندی نیشتمانی بۆ هاوکاریی دادوەری ببێتە لایەنی بەرپرس بۆ تاوتوێکردنی هەر پێشنیاز یان هاوکارییەک کە لەلایەن وڵاتان یان ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە لەسەر ئەم پرسە پێشکەش بکرێت.