عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دەستپێکی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا و عێراق کۆبووەوە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و واشنتن و دۆسیە گەرمەکانی ناوچەکەی تاوتوێ کرد.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە و دەستبەجێ دوای گەیشتنی بۆ واشنتن، عەلی زەیدی لە شوێنی حەوانەی خۆی پێشوازیی لە تۆم باراک کردووە. لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا گفتوگۆی چڕیان ئەنجام دا لەسەر چۆنیەتیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق لە بوارە جیاجیاکاندا.
لەو دیدارەدا باسی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکە کراوە. هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی پشتیوانیکردنی ئەو هەوڵانە کردەوە، کە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی بارگرژیی نوێ دەدرێن.
هاوكات، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا پێگە و ڕۆڵی ناوژیوانیی عێراقی بە گرنگ زانی لە لێکنزیکردنەوەی بیروڕا جیاوازەکان و هێورکردنەوەی پەرەسەندنە خێراکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بڕیارە هەر ئەمڕۆ سێشەممە، عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە. هاوکات لەگەڵ کۆبوونەوەی لوتکەدا، علەی زەیدی زنجیرەیەک دیداری دیکە لەگەڵ ژمارەیەک لە فەرماندە و بەرپرسانی باڵای کۆشکی سپی و ئیدارەی نوێی ئەمریکا ئەنجام دەدات بە مەبەستی تاوتوێکردنی دۆسیە سیاسی، ئابووری و ئەمنییە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات.