دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ناوەندی لە عێراق ڕایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، توانراوە بڕی ٣٥٨ کیلۆگرام زێڕ لە دۆسیەی بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن بگەڕێندرێتەوە.
ڕاگەیاندنی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق لەراگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم پرۆسەیە لە ژێر سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی دادوەر فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق و بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجام دراوە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، تەواوی ئەو زێڕە گەڕێندراوەیە ڕادەستی بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی دەرکردن و گەنجینە لە بانکی ناوەندیی عێراق کراوە.
ئەم هەنگاوەش لە چوارچێوەی تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکاندایە لە دۆسیەی تۆمەتبار "عەدنان جومەیلی"، بریکاری دەستبەسەرکراوی وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن، بە ئامانجی گەڕاندنەوەی تەواوی ئەو سامانە گواستراوە و نەگواستراوانەی کە لە ڕێگەی گەندەڵییەوە بەدەست هاتوون.