ڕاستەوخۆ

26 لایەن و ڕێکخراوی کوردی ڕۆژاڤا داوا دەکەن ناوی "کۆبانێ" بە فەرمی بناسرێت

reset font size increase font size

٢٦ حیزبی سیاسی و ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژاڤای کوردستان، لەڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا ناڕەزایەتیی توندیان بەرانبەر بە بەکارهێنانی ناوی "عەین ئەلعەرەب" لە بەڵگەنامە فەرمییەکاندا دەربڕی و داوایان کرد ناوی مێژوویی و ڕەسەنی "کۆبانێ" لە تەواوی دامودەزگا و تۆمارە کارگێڕییەکاندا بە فەرمی بەکاربهێنرێت.

لە ڕاگەیەندراوەکە هاوبەشەکەدا هاتووە کە ناوی ناوچەکان تەنیا پێناسەیەکی کارگێڕی نین، بەڵکو بەشێکی دانەبڕاون لە مێژوو، کولتوور و یادەوەریی بەکۆمەڵی گەلان.

 ئاماژە بەوەش کراوە کە گۆڕینی ناوی شوێنە کوردییەکان لە ڕابردوودا لە چوارچێوەی سیاسەتی تەعریب (عەرەبکردن) و گۆڕینی دیموگرافیا بووە، بۆیە گەڕاندنەوەی ناوە کوردییەکان هەنگاوێکی گرنگە بۆ چەسپاندنی دادپەروەریی مێژوویی.

ئەم لایەنە سیاسییانە تیشکیان خستووەتە سەر ئەوەی کە کۆبانێ لە ساڵی ٢٠١٤دا بەهۆی بەرگرییە قارەمانانەکەی دژی هێرشەکانی داعش، بووە سیمبولێکی جیهانی؛ ڕاشیانگەیاندووە کە سڕینەوەی ئەم ناوە زیان بەو میراتە مێژووییە دەگەیەنێت.

هاوکات لە ناوخۆی شارەکەشدا هەڵمەتێکی بەرفراوان لەلایەن چالاکوانان، ڕۆژنامەنووسان و پزیشکانەوە لەژێر دروشمی "کۆبانێ ناسنامەیەکی نەسڕاوەیە" بەڕێوەدەچێت.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، داوا لە لایەنە پێوەندیدارەکان کراوە کە لە دەستووری نوێی سووریادا، پرسی کورد وەک کێشەیەکی نیشتمانیی سەرەکی بناسرێت و مافە نەتەوەیی، کولتووری و زمانەوانییەکانی کورد گەرەنتی بکرێن، تاوەکو وڵاتەکە لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوونی یەکسان و دێموکراسی بنیات بنرێتەوە.

گرنگترین ئەو حیزب و دامەزراوانەی ئیمزایان کردووە:

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK)، پارتی یەکێتیی دێموکرات (PYD)، پارتی کۆمۆنیستی کوردستان، پارتی دیموکراتی پێشکەوتنخوازی کورد لە سووریا، تەڤگەری کۆمەڵگەی دیموکراتیک (TEV-DEM)، کۆنگرەی ستار، و چەندین لایەنی چەپ و دیموکراتی دیکەی ناوچەکە.

 

Rezhna Sardar

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.