ڕاستەوخۆ

وریشە مورادی: شیرین عەلەم‌هۆلی و هاوڕێکانی برینێکی زیندوون

reset font size increase font size

وریشە مورادی پەیامێکی لە بارەی لەسێدارەدانی شیرین عەلەم‌هۆلی بڵاوکردەوە و دەڵێت، مەرگ کۆتایی نییە، بەڵکوو درێژەی سیاسەتێکە بە ڕوخسارێکی کەسێکی دیکەوە. 

وریشە مورادی، چالاکوان و زیندانی سیاسیی کورد بەبۆنەی 16ـیەمین ساڵیادی لەسێدارەدانی چوار زیندانی سیاسی کورد لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە پەیامێکی لە زیندانی ئێڤینی تاران بڵاوکردەوەو دەڵێت، فەرزاد کەمانگەر، شیرین عەلەم‌ھۆلی، فەرهاد وەکیلی و عەلی حەیدەریان نەک کۆتایی، بەڵکوو برینێکی زیندوون بە سەر جەستەی زەمەنەوە.

دەقی نامەکەی وەریشە مورادی بەمشێوەیە:

19ـی ئایار تەنها بەروارێک نییە، خاڵێکە کە یادەوەریی ئەم نیشتیمانەی تێیدا دەوەستێت و هەناسەیەکی قورس هەڵدەمژێت، ئەو ناوانەی لەم خاڵەدا کۆدەبنەوە حەسرەتیان تێپەڕاندووە و بوونەتە یادەوەری.

فەرزاد کەمانگەر، شیرین عەلەمھولی، فەرهاد وەکیلی، عەلی حەیدەریان، مەهدی ئیسلامیان و هەر ناوێک، نەک کۆتاییەک، بەڵکوو برینێکی زیندوون لەسەر جەستەی کات.

لەم نیشتیمانەدا، مەرگ هەندێک جار کۆتایی نییە، بەڵکوو درێژەی سیاسەتێکە بە ڕوخسارێکی ترەوە، ژیان زۆرجار نەک بۆ ژیانکردن، بەڵکوو بۆ ئەوەی لە بەرامبەر ترسدا تاقی بکرێتەوە، لە هەڵپەسێردراویدا دەهێڵرێتەوە، گێڕانەوەکان قورسن، بەڵام قورستر لە گێڕانەوە، دووبارەبوونەوەیە، دووبارەبوونەوەیەک کە تێیدا مرۆڤەکان یەک لە دوای یەک لە مانا دادەماڵرێن و کەم دەکرێنەوە بۆ تەنیا پەڕاوێک، بۆ سزایەک، یان بۆ هەواڵێکی کورت و وا دەردەکەوێت لە ڕووکەشدا، هەموو شتێک لە ئاساییبوون نزیک دەبێتەوە، هەواڵەکان کورتتر، پەرچەکردارەکان کەمڕەنگتر و ڕۆشتنی مرۆڤەکان دەبێتە ژێرنووسێکی کاتی و تێپەڕ.

بەڵام لە قووڵاییدا، شتێک هێشتا وەستاوە و لەبیری ناکات، یادەوەرییەک کە لە بەرامبەر ئەم داخورانەدا، هێمن، بێدەنگ، بەڵام بەردەوام بەرگری دەکات، و لە ناو جەرگەی ئەم دووبارەبوونەوەیەدا، ئەفسانەکان دووبارە گیان دەگرنەوە، نەک لە ناو پەرتووکدا، بەڵکو لە ڕاستیدا لە چوارچێوەی توندوتیژی، کە زوحاک “دەسەڵات” بۆ هێورکردنەوەی ترسی خۆی هەر ڕۆژە و برینێک لە ژیان دەدات و ئەم وێنەیە لە کاتێکی تردا و لە شێوازێکی نوێدا بەرپرسیارییەتی لەم نیشتیمانەدا قورستر دەکات، شێوازێک کە تێیدا سڕینەوەی مرۆڤ و دەنگە ناڕازییەکان دەبێتە بنەما، نەک سیستەمی جیاکاری و دوورخستنەوە

لە جیهانێکی ئاوادا، هەموو شتێک دەکرێت وەک هەڕەشە سەیر بکرێت، تەنانەت هەناسەدان، تەنانەت وەستان، تەنانەت بیرکردنەوەش، تاڵترین ڕاستی ئەوەیە: مەرگ نەک تەنها لە کاتی ڕوودانیدا، بەڵکوو لە بەردەوامییە بێپسانەوەکەیدا دادەخورێت، تا ئەو شوێنەی کە هەواڵی ڕۆشتنی گەنجێک لە نێوان لافاوی دەنگەکاندا بۆ دێڕێکی کورت کەم دەبێتەوە، بێ ئەوەی وەستانێک لە کاتدا درووست بکات

بەڵام هیچ مەرگێک نابێت ببێتە خوویەک و هیچ ناوێک نابێت لە ناو دووبارەبوونەوەدا بێکاریگەر بێت، چونکە هەر ژیانێک، جیهانێکی تاقانەیە و هەر کۆتاییەک، درزێکە کە ئەگەر نەبینرێت، لە ناو دەروونی کۆمەڵگەدا قووڵتر دەبێتەوە. لە ناو دڵی ئەم بەردەوامییەدا، هیچ شتێک لەناو ناچێت، ناوەکان دەمێننەوە، نەک تەنیا وەک یادگاری، بەڵکوو وەک پرسیار. پرسیار لەوەی کە چۆن دەکرێت بژیت، کاتێک کۆمەڵگە لە هەمان کاتدا هەم زیندووە و هەم هەموو ڕۆژێک پۆشاکی ڕەشی پۆشیوە؟

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.