بە بۆنەی ڕۆژی نیشتمانی و ٩٤ـەمین ساڵوەگەڕی سەربەخۆیی عێراقەوە، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، گوتارێکی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر دوایین پەرەسەندنە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەکانی وڵات.
لە گوتارەکەیدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق، لە ئێستادا وڵات سەروەریی تەواوی بەدەستهێناوە و خاوەنی بڕیاری خۆیەتی؛ توانیویەتی پارێزگاری لە خۆی بکات و سەرجەم چەکەکانیش لە ژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندا بن.
توخمە سەرەکییەکانی گوتارەکەی سەرۆکوەزیران:
سیاسەتی دەرەکی و هاوسەنگی: عێراق سەرەڕای ئاڵنگارییەکان، لەسەر ئاستی ناوچەکە و دەرەوە سیاسەتێکی هاوسەنگی پەیڕەو کردووە.
ئابووری و بودجە: حکومەت کار بۆ هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات، پێشخستنی کەرتی تایبەت و ڕەخساندنی هەلی کار دەکات، هەروەها لەمەودوا خەرجییەکانی حکومەت پەیوەست دەبن بە ئەنجام و بەرهەمەکەیانەوە.
پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان: حکومەت ڕژدە لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژەی "ڕێگەی گەشەپێدان" تاوەکو عێراق ببێتە ڕێڕەو و ناوەندێکی بازرگانی و پردی بەستنەوەی ڕۆژههڵات بە ڕۆژئاواوە.
لە کۆتایی گوتارەکەیدا، عەلی زەیدی بانگەوازی بۆ یەکڕیزیی سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق کرد بۆ ئەوەی بەیەکەوە هەنگاو بنێن بەرەو قۆناغی بنیادنان و داهاتوویەکی گەشتر.