تەنیا دوو ڕۆژ ماوە بۆ ئەو وادە فەرمییەی کە پێشتر لە نێوان بەغداد و واشنتن لەسەری ڕێککەوتراوە بۆ کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنەشدا، بنکەی سەرەکیی سەربازیی ئەمەریکا لە ناو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداد بە فەرمی ڕادەستی هێزە ئەمنییەکانی عێراق کرایەوە.
سەباح نۆعمان، گوتەبێژی نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، بە هەماهەنگیی نێوان هەردوولا، پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستی پێ کردووە و تا کۆتایی ئەم مانگە بە تەواوی کۆتایی دێت، و لە پاش 30ی ئەیلول هیچ هێزێکی بیانی لە عێراق نامێنێت.
هاوکات شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراقیش ئاشکرای کرد کە بنکەی سەربازیی ئەمەریکا لە فڕۆکەخانەی بەغداد چۆڵ کراوە و لە ئێستادا هیچ سەربازێکی ئەمەریکیی تێدا نەماوە. لە لایەکی دیکەشەوە، ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی (دەی پی ئێی) لە زاری بەرپرسێکی عێراقییەوە بڵاوی کردەوە کە سەرجەم هێزە شەڕکەرەکان و هێزە لۆجیستییەکانی ئەمەریکا بە تەواوی لە عێراق کشاونەتەوە و پرۆسەکە کۆتایی هاتووە.
دوای سەرهەڵدانی داعش لە ساڵی 2014، ئەمەریکا نزیکەی دوو هەزار و 500 سەربازی بۆ پشتیوانیی هێزە عێراقییەکان لە ناو خاکی عێراقدا جێگیر کردبوو، بەڵام دوای ساڵی 2024 لە ڕێگەی لیژنەی باڵای سەربازیی نێوان هەردوو وڵات، ڕێککەوتنی کۆتاییهاتنی ئەرکی ئەو هێزانە و کشانەوەیان لە کۆتایی مانگی ئەیلولی 2026 واژۆ کرا.
سەرەڕای بەڕێوەچوونی پرۆسەکە بە شێوەیەکی کرداری، بەشێک لە چاودێرانی دۆخەکە هێشتا گومانیان لە سەرکەوتنی یەکجاریی پرۆسەکە هەیە و لێکدانەوەی بۆ دەکەن، بە جۆرێک کە سەرکەوتنی تەواوی پرۆسەکە دەبەستنەوە بە پرسی چەکدانانی گرووپە چەکدارەکانەوە لە ناوخۆی عێراقدا، کە واشنتن وەک هێڵی سوور و مەرجی سەرەکی دەبینێت.
ڕێککەوتنی بەغداد و واشنتن بۆ کشانەوەی هێزەکان
ساڵی 2024: بەغداد و واشنتن لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا ڕێککەوتن.
واژۆکردن: لیژنەی گفتوگۆ و دانوستانی باڵای سەربازیی نێوان بەغداد و واشنتن ڕێککەوتنەکەیان واژۆ کرد.
پینتاگۆن: پێشتر نزیکەی 2 هەزار و 500 سەربازی ئەمریکی لە عێراق جێگیر کرابوون.