ڕاستەوخۆ

فەرهاد ئەترووشی: هێرشکردنە سەر هێزە عێراقییەکان پێشێلکارییەکی ئاشکرا و قبوڵنەکراوی سەروەریی وڵاتە

reset font size increase font size

فەرهاد ئەتروشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە توندی سەرکۆنەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و سعودیە بۆ سەر چەند پێگەیەکی حەشدی شەعبی دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە عێراق لە لێکەوتەکانی شەڕ و ململانێکانی ناوچەکە دوور بخرێتەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی تەممووزی ٢٠٢٦، فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا وێڕای دەربڕینی پرسە و هاوخەمی بۆ کەسوکاری قوربانییان، ڕایگەیاند کە ئەو هێرشانەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەند پارێزگایەکی عێرقیان کردە ئامانج، "پێشێلکارییەکی قبووڵنەکراوی سەروەریی خاکی عێراقن".

ئەترووشی هەروەها بە توندی هێرشە بەردەوامەکانی وڵاتانی دراوسێی بۆ سەر هەرێمی کوردستان شەرمەزار کرد و ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە پرەنسیپی "هاوسێیەتیی باش" بەپێی ماددەی (٨)ـی دەستووری عێراق ڕەچاو بکرێت.

جێگری سەرۆکی پەرلەمان تیشکی خستە سەر ئەوەی کە تەنیا حکوومەتی فیدراڵی بە هەماهەنگی لەگەڵ پەرلەمان دەسەڵاتی دەستووریی هەیە لە بڕیاردان لەسەر پرسە سەربازییەکان، داواشی کرد دەرفەت بە حکوومەتی فیدراڵی بدرێت بۆ لێکۆڵینەوە لەو بارودۆخە مەترسیدارە و ڕێکخستنەوەی بڕیارە ئەمنییەکانی وڵات.

ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی ئەمریکا و سعودیە زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانییان کردە سەر پێگە لۆجیستی و کۆگاکانی چەکی حەشدی شەعبی لە پارێزگاکانی بەغدا، واست، نەینەوا، بەسرە و کەرکووک، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ ئاراستەکردنی زیاتر لە ٣٠ درۆن بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا و ناوچە نەوتییەکان لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا.

 

 

Rezhna Sardar

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.