هێزە ئەمنییەکانی عێراق ئامادەکاری دەکەن بۆ دەستپێکردنی هەڵمەتێکی بەرفراوان دژی ئەو پەیج و ماڵپەڕە ئەلیکترۆنییانەی، کە زانیاریی هەڵە و هەواڵی ناڕاست دژی ڕێوشوێنەکانی دامەزراوەی دادوەری و هەڵمەتەکانی دژەگەندەڵی بڵاو دەکەنەوە.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت، دەزگا ئەمنییەکان لە ڕێگەی چاودێریی وردەوە تێبینییان کردووە هەندێک لەو سەرچاوە میدیاییانە بە مەبەست هەواڵی درۆیان سەبارەت بە پرسەکانی گەندەڵی، دەستگیرکراوان و کەسایەتییە پەیوەندیدارەکان بڵاو کردووەتەوە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی بە میدیا عێراقییەکانی ڕاگەیاند، بەم زووانە هەڵمەتە ئەمنییەکە دژی ئەو پەیج، ماڵپەڕ و ناوەندە میدیاییانە دەست پێ دەکات، کە هۆکار بوون لە بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی و هەوڵیان داوە کاریگەریی نەرێنی بخەنە سەر ڕێڕەوی لێکۆڵینەوە دادوەرییەکان لە دۆسیەکانی گەندەڵیدا.
هێزە ئەمنییەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە، بەشێک لەو ناوەندە میدیاییانە لەلایەن کەسانی دەستڕۆیشتوو، سیاسی، سەرمایەدار و لایەنی سیاسییەوە بەڕێوە دەبرێن و هەندێکیشیان لە دەرەوەی عێراقەوە ئاراستە دەکرێن، ئامانجی سەرەکییان دروستکردنی ئاستەنگ و ئاڵۆزییە لە بەرامبەر هەڵمەتەکانی چاکسازی و دژایەتیکردنی گەندەڵی.